پاسەوانێکی قەزافی: سەرۆکەکەی لیبیا هێشتا زیندووە

عائیشە فەیتووری ژنەئەفسەری پێشوو لە تیمی پاسەوانەکانی معەمەر قەزافی سەرۆکی کۆچکردووی لیبیا وتوویەتی، “سەرۆکەکەی لیبیا هێشتا زیندووە” و ئەوەی لە ڕابردوودا کوژرا، خزمێکی هاوشێوەی بووە.

لە دیمانەیەکی کەناڵی “ڕوسیا ئەلیەوم”دا فەیتووری بە خەڵکی لیبیای وت “سەرۆک باشە و لە ئێستادا سەرکردایەتیی خەبات دەکات”.

ژنەئەفسەرەکە ڕوونیکردەوە، “یەکێک لەو ئەفسەرە دیارانەی لە قەزافی جیابوونەوە، کاتێک لێیان پرسیوە بۆچی هێشتا نەگەڕاویتەوە لیبیا، گوتوویەتی هەرکات حەمید ئەبومنیار قەزافیتان پیشاندام، ئەوسا دێمەوە”.

هەروەها “قەزافی نەچووەتە شاری سەرتەوە، بەڵکو ئەوە هاوشێوەکەی بووە کە ناوی حەمید ئەبومنیار قەزافی-ە، چونکە سەرۆکی لیبیا چووبووە شاری بەنی وەلید و پاشان ڕۆیشتبوو”.

کاتێک پێشکەشکاری بەرنامەکە پێیدەڵێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کوژرانی قەزافیی پشتڕاستکردووەتەوە، فەیتووری وەڵامدەداتەوە، “ئەمە ڕاست نییە. ئەی بۆچی تا ئێستا ڕاگەیاندراوێک لەو بارەیەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرنەچووە و بۆچی تەرمەکە ڕادەستنەکراوەتەوە؟”.

جێی ئاماژەیە لە تشرینی دووەمی ساڵی پاردا ڕۆژنامەی “لو فیگارۆ”ی فەرەنسی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەنووس ئەلفرێد دی مۆنتسکیۆی بڵاوکردەوە، کە ڕۆژێک پاش کوژرانی قەزافی، چووبووە ئەو ژوورەوەی تەرمەکەی سەرۆکی لیبیای لێدانرابوو.

لەو ڕاپۆرتەدا مۆنتسکیۆ ڕایگەیاندبوو، “چوومە ژوورەکەوە و لەبەردەم تەرمی قەزافی سەرۆکی لیبیادا بووم، لە تەنیشتیشیەوە تەرمی کوڕەکەی و پاسەوانە سەرەکییەکەی”.

ڕۆژنامەنووسەکە ڕوونیکردبووەوە، لە بەیانیی 20ی تشرینی یەکەمی 2011، نزیکی 40 ئۆتۆمبێل لە شاری سەرت-ی وڵاتی لیبیا دەرچوون و پاشان موشەکێکی هێشوویی و چەندین بۆمب لەلایەن ناتۆوە لە کاروانەکە درا.

مۆتیسکیۆ ئاماژەی بەوەشدابوو، قەزافی کەللەسەری برینداربووبوو و خوێنێکی زۆری لەبەرڕۆیشتبوو، کاتێک پاش پەلامارە موشەکییەکە لەگەڵ کوڕەکەیدا بە پێ هەڵهاتبوون و شۆڕشگێڕەکان کەوتبوونە شوێنیان، تا لە کۆتاییدا لە دوو دەرچەی ئاوەڕۆدا دۆزیبوویاننەوە و کوشتبوویانن.

بابەتی پێشتر

لە کۆیە بەهۆی بڕینی کارەبا لە خەڵک 28 خاوەن مۆلیدە دەستگیرکراون

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: سەدر مكوڕ بێت لەسەر بوونە ئۆپۆزسیۆن پارتی و سوننییەكان لە حكومەت بەشداردەبن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share