حكومەت دەیەوێت هەڵبژاردن لە دەرەوە و نەخۆشخانە و بەندینخانەكاندا نەكرێت

حكومەتی عێراق دەیەوێت چەند بڕگەیەكی یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە و بەهۆیەوە پڕۆسەكە لە دەرەوەی وڵات و نەخۆشخانە و بەندینخانەكاندا نەكرێت و ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانیش دەڵێت، بۆ كەمكردنەوەی تێچووی هەڵبژاردنەكەیە.

حسێن هنداوی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەم وتی، تائێستا ژمارەی پێشنیارەكانیان بۆ هەموار لە یاساكەدا 15 پێشنیارە، كە حكومەت لەڕێیەوە دەیەوێت بڕی پێویستی پارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كەمبكاتەوە كە بە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و لەلایەن كۆمسیۆنەوە داواكراوە بۆ فەراهەمكردنی پێویستییەكانی پڕۆسەكە.

هنداوی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، “حكومەت پێشنیاری ڕەتكردنەوەی دەنگدانی لە نەخۆشخانە و بەندینخانەكان كردووە، ڕەنگیشە دەنگدان لە دەرەوەی عێراقیش بگرێتەوە، ئەمە بۆ كەمكردنەوەی بڕە پارەی پێویستە بۆ هەڵبژاردنەكان، بەهۆی ئەوەی پێداویستییەكانی دەنگدان لە نەخۆشخانە و بەندینخانە و دەرەوە تێچووەكەی زۆرە”.

ڕاوێژكارەكەی سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستەڕوو، یەكێك لەو پێشنیارانەی حكومەت پێشكەشی دەكات، ڕەتكردنەوەی دامەزراندنی كارمەندە لە كۆمسیۆن، لەجیاتی ئەوە پشتبەستن بە مامۆستا و فەرمانبەران و پێدانی نوسراوی سوپاس و پێزانین پێیان پاش كۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان. ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو ڕێوشوێنانە هەندێك پارە دەگەڕێنێتەوە”.

دوپاتیشیكردەوە، هەموارەكانی حكومەت لەسەر یاساكە بۆ دوو بەش دابەشدەبێت، یەكەمیان تایبەتە بە تێچووەكانی پڕۆسەكە، دووەمیش تایبەتە بە زامنكردنی پاك و بێگەردی هەڵبژاردنەكان و ڕێگری لە هەوڵی ساختەكاری.

بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەدایكبووانی ساڵانی 2001 و 2002 و 2003 مافی دەنگدانیان دەبێت كە ژمارەیان بە دوو ملیۆن و نیو دەخەمڵێندرێت، بەمەش ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی مافی بەشدارییان لە پڕۆسەكەدا دەبێت زیاترە لە 26 ملیۆن لە كۆی 40 ملیۆن كەسی دانیشووی عێراق، وەك ئەوەی بەرپرسەكەی ئەنجومەنی وەزیران ڕوونیكردەوە.

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی دیاریكردووە.

سەرەتای ئەم مانگەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد و بەپێی ناوەرۆكەكەی هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

لە 5ی ئەم مانگەش هەموارەكە لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمارەوە پەسەندكرا.

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سەر سوریا ئەنجامدا

بابەتی دواتر

نەتەوەیەكگرتووەكان 100 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی برسێتی تەرخانكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share