هەرێم كەمال ئاغا زانیاری لە بارەی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرادەكات

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونكردنەوە لەبارەی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەدات و دەڵێت، “ئەو هەنگاوە لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانە نەك دادگای فیدراڵی”.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانيی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەرێوەناچێت و ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەكە نابن.

سەرۆكی فراكسیۆنەكەی یەكێتی پێیوایە، “ئەگەری ڕێككەوتنی لایەنە شیعییەكان، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئاسانتر دەكات”.

چەند ڕۆژێكە قسە لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، بەو پێیەی پرۆسەكانی پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كەوتووەتە ڕێگەیەكی داخراو، ئەگەر ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان، بەتایبەت شیعییەكان، نەیەتە ئاراوە.

لەوبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا وتی، “كاتێك ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەوەشێتەوە كە ڕەزامەندیی سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەر بێت و دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی  خۆی هەڵدەوەشێتەوە وهەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە”.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕەتیكردەوە هەنگاوی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەندیی بە دادگای فیدڕاڵییەوە هەبێت، “لەدەسەڵاتی دادگاكەدا نییە، بەڵكو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدەن”.

لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكرد “ئەندامانی لیژنەی دارایی هەڵنەبژێردراون، هەركات ئەو پرسە یەكلاكرایەوە یەكێتی كاندیدی هەیە و ئەندامی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت”.

بابەتی پێشتر

چێوە: زیاتر لە 140 پەرلەمانتار ناچنە پەرلەمان و كاندیدەكەی پارتی نابێت بە سەرۆك كۆمار

بابەتی دواتر

پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان تەرخانكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share