سێكس بەرامبەر پارە
پێشێلكارییەكانی نێو بەندیخانەكانی ژنان لە ئێران ئاشكرادەكرێن

ماوەی نزیكەی دوو دەیەیە دەسەڵاتدارانی ئێران سەردانی چاودێرانی سەربەخۆ-یان بۆناو بەندیخانەكان قەدەغەكردووە فۆتۆ: AFP

ئەو پێشێلكارییانەی لە بەندیخانەكانی ئێراندا بەرامبەر ژنان دەكرێت، لەوانە دەستدرێژیی سێكسی و لێدانی جەڵد و ناچاركردنی بەندكراوان بە سێكسكردن لەگەڵ پاسەوانان، ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست) لە وتارێكدا تیشكی دەخاتەسەر.

وتارەكە، مەسیح عەلی نەژاد ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی ئێرانی نووسیویەتی، لە زانیارییەكانیدا پشتی بەو تویتانە بەستووە كە سپێدە گولیان (26 ساڵ)ی چالاكوانی ئێرانیی دەستگیركراوی بەندیخانەی بوشەهر-ی ئێرانی بڵاویكردونەتەوە.

وتارەكە دەڵێت، گولیان لە تویتەكانیدا ئاشكرایكردووە ژنە بەندكراوەكان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێكسی بوونەتەوە، جگە لە ناچاركردنی ئەو ژنانەی پارەیان پێنەبووە بە ئەنجامدانی سێكس لەگەڵ پاسەوانان، یان چوونە ناو ژووری تاكەكەسیی كاتی لەگەڵ پیاوان.

نووسەری وتارەكە دەڵێت، گولیان لە كاتی ئازادكردنی كاتی لە بەندیخانەدا بووە كاتێك تویتەكانی نووسیوە و تیایدا ئاماژەی بەو دۆخە ئازاربەخشە كردووە كە ژنان لە بەندیخانەكاندا تیایدا دەژین و بە “دۆزەخ” ناویبردووە.

لەنێو ئەو شێوازانەی ئەشكەنجەدان كە گولیان لە بەندیخانە بینیویەتی، هەڕەشەی پشكنینی تەواوی جەستە بووە بە لابردنی تەواوی جلوبەرگەكانیان لە بەردەم كارمەندە پیاوەكانی بەندیخانە و بەندكراوانی دیكە، دەستبەسەركردن لە ژووری تاكەكەسی و جۆری دیكەی ئەشكەنجە.

تەنها بەهۆی بڵاوكردنەوەی ئەو تویتانەوە، پیاوانی هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتاوەتەسەر ماڵەكەی گولیان و دوای لێدانی دەستگیریان كردووە، هەروەك برایەكیشی دەستگیركراوە دوای ئەوەی هەوڵیداوە بەرگری لە خوشكەكەی بكات.

نووسەری وتارەكە لە زاری بەندكراوێكی سیاسیی دیكە لە بەندینخانەی بوشەهر بەناوی (مەحبوبە ڕەزایی) دەڵێت، پاسەوانانی بەندیخانەكە هەڕەشەی دەستدرێژیی سێكسی و كوشتنی گولیان-یان كردووە، ئەوەشی وتووە، كە خۆیشی ڕووبەڕووی فشار بووەتەوە بۆ چوونە ناو هاوسەرگیریی كاتی لە بەرامبەر پارەدا.

ماوەی نزیكەی دوو دەیەیە دەسەڵاتدارانی ئێران سەردانی چاودێرانی سەربەخۆ-یان بۆناو بەندیخانەكانی ئێران قەدەغەكردووە، هەروەك ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانەی لە بەندیخانەكانی وڵاتدا ڕوودەدەن، ڕەتدەكەنەوە، لەكاتێكدا ڕێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ و چالاكوانانی بەندكراو بەردەوامن لە ئاشكراكردنی پێشێلكارییەكانی ئەشكەنجەدان.

لە ئابی ڕابردوو بڵاوكردنەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی نێو بەندیخانەی ئەوین-ی تارانی پایتەخت بەشێك لەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بەندكراوان لەلایەن پاسەوانانی بەندیخانەكەوە ئەنجامدەدرێن، ئاشكراكرد، كە ئەوكات ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بە “بەڵگەیەك كە حاشای لێناكرێت” ناویبرد.

هاککەران کامێراکانی زیندانی ئەوین هاکدەکەن و چەند ڤیدیۆیەک بڵاودەکەنەوە

ڤیدیۆكان، كە پاش هاككردنی سیستمی كامێرای بەندیخانەكە بڵاوكرانەوە، تیایدا لێدانی بەندكراوان لەلایەن پاسەوانان و خراپ مامەڵەكردنیان دەردەكەوێت، جگە لە ڕووداوی پەلاماردانی بەندكراوان، خۆئازاردانی بەندكراوان و هەوڵی خۆكوشتن بەبێ دەستێوەردانی ڕوون لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەكەوە.

لەبارەی بەڵگە ڤیدیۆییەكانەوە، محەمەد مەهدی حاجی حسێنی، سەرۆكی نووسینگەی بەندینخانەكان بەڵێنی لێكۆڵینەوەی لە پێشێلكارییەكان و ڕوونەدانی ڕووداوی زیاتری لەو جۆرەی دا، بەڵام متمانەپێكردنی ئەستەمە، وەك ئەوەی هیومان ڕایتس وۆچ دەیڵێت.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم پێشبینیی بارانبارین دەکات لە دوو ڕۆژی داهاتوودا

بابەتی دواتر

"درۆ"كانی نێو ئینستگرام هەرزەكاران تووشی كێشەی دەروونی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share