لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا.. ژیان و نەفرەتەکەی ویلیەم شێکسپیر

27ی ئازاری هەموو ساڵیک، لە لایەن دامەزراوەی جیهانیی شانۆوە بە ڕۆژی جیهانیی شانۆ هەڵبژێردراوە.

لە ساڵی 1962وەوە ئەم یادە ساڵانەیە لە سەرانسەری جیهاندا دەکرێتەوە و دامەزراوە و ڕێکخراو و گرووپە شانۆییەکانی جیهان، مەراسیمی بۆ ڕێکدەخەن و ئاهەنگی بۆ دەگێرن.

یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانی ئەم یادە، بڵاوکردنەوەی پەیامی ساڵانەی جیهانیی شانۆیە، کە لە لایەن داهێنەرێکی بواری شانۆوە دەنووسرێت و ئاراستەی سەرجەم کەلتوور و کۆمەڵگە جیاجیاکانی مرۆڤایەتی دەکرێت.

لە مێژوودا، یەکەمین پەیامی جیهانیی شانۆ لە لایەن جان کۆکتۆی شاعیر، ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسی فەرەنسییەوە نووسراوە و تیایدا دەڵێت، “شانۆ جۆرێکە لە ئەوین، چونکە لە ئەویندا ڕەگەزە دژبەیەکەکان هاوسەرگیری دەکەن”.

بۆ ئەمساڵ (واتە 2022) پەیامی جیهانیی شانۆ لە لایەن پیتەر سێڵارسی دەرهێنەر و شانۆکاری ئەمریکییەوە نووسراوە، تێیدا دەڵێت، “لە بارودۆخی ئەمڕۆی جیهاندا پێویستمان بە نوێکردنەوەیەکی قووڵی ئەقڵ، هەست، خەیاڵدان، مێژوو و داهاتوومانە، ئەمەش کارێکە بە تەنها پێمان ناکرێت، بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە بیکەین. شانۆ ئەو بانگێشتەیە تاکو تێیدا پێکەوە ئەم کارە بکەین”.

لە نێوان هەموو نووسەران و شانۆنامەنووساندا، شێکسپیر بە یەکێک لە گەورەترین داهێنەرەکانی ئەم بوارە دادەنرێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ بیستنی ناوی شانۆدا، زۆربەی شانۆکاران کارەکانی ئەویان بیردەکەوێتەوە.

هەروەها شێکسپیر، لای زۆرێک لە زمانناسان و توێژەرانی ئەدەب بە باوکی زمانی ئینگلیزی ناسراوە، چونکە لە نووسینەکانیدا زیاتر 1700 وشەی نوێی داهێناوە و خستوونیەتیە ناو فەرهەنگی ئینگلیزییەوە.

ئەم نووسەرە گەورەیەی ئەدەبی ئینگلیزی، هەم دایک و باوکی و هەم ژنەکەی و دوو منداڵەکەشی هیچیان خوێندەوارییان نەبوو.

سەرباری ئەم هەموو ناوبانگ و سەرکەوتنە، ژیانی شێکسپیر چەند ڕووداوێکی سەیر و سەرنجڕاکێشیش لەخۆدەگرێت.

بۆ نمونە، شێکسپیر لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دووگیاندا دەکات، کە هەشت ساڵ لە خۆی گەورەترە.

بە درێژایی حەوت ساڵ (1585 تا 1592) ناوی شێکسپیر لە هیچکوێی مێژوودا نییە و لەو ماوەیەدا بە تەواوی دیارنامینێت، نە مێژوونووسان و نە نووسەرانی ژیاننامەکەشی نازانن ئەم نووسەرە گەورەیە، لەو ماوەیەدا بە چییەوە خەریک بووە.

شێکسپیر لە ساڵی 1616دا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لە پاش ناشتنیەوە، کەس نەیوێراوە دەستکاریی گۆڕەکەی بکات، چونکە شیعرێکی تایبەت بە مەزارگەکەی خۆی نووسیوە و خراوەتە سەر گۆڕەکەی و لە دوایین دێڕیدا دەڵێت، “نەفرەت لەو کەسەی دەستکاریی ئێسکەکانم دەکات”.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. لەكاتی دابەشكردنی مووچە قەرەباڵغییەكی زۆر دروستبوو

بابەتی دواتر

بەڵگە.. سوپای پاسداران لە کوشتنی ئەمریکییەکان لە عێراق تێوەگلاون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share