فراكسیۆنی یەكێتی: چ لۆژیكێكە لایەنێكی كوردی داوای حكومەتی زۆرینە بكات، كە لە ‏پەرلەمان و حكومەت كەمینە بین؟

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی سەبارەت بە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی سبەی دەگوزەرێت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و ناڕاستی هەندێک لایەنە و مەلەکردنە لە ئاوی لێڵدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەپرسێت ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆمار ، کە بڕیارە سبەی لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەرێوەبچێت، ئەگەر بڕیارە، بیر لەپێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەهێز بکرێتەوە، لۆژیک لەکوێیە؟، ئەوەی دوێنی لەسەنگەری بەرگری لەسیستمی عیراقی نوێ و تێکشکاندنی پاشماوەی بەعسیەکان و تیرۆریستانی قاعیدە و داعش بووە پێیبڵێیت بڕۆ ببە بە ئۆپۆزسیۆن.

ڕاشیگەیاندووە، “لەبەر نەبوونی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانیی سەربازی لەسەرانسەری وڵات و بوونی  گروپی جیا جیا، هێشتا پێکهاتەکانی عێراق پێویستیان بەتەوافوق و سازان هەیە بۆ جێگیرکردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتیەکان”.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، “بۆیە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز، کە دەنگی هەمووانی تێدابێت و وەڵامدەرەوەی هەموو ئاڵنگارییەکانی سەر پرۆسەی سیاسیی عێراق بێت، هێشتا پێویستمان بەپرەنسیپی سازانە”.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بیرکردنەوەیە تەنیا بۆ ناو ماڵی شیعەش لۆژیکی نیە ، ئەی ئەمە چ جۆرە بیرکردنەوەو چ لۆژیكێکە ، هێشتا حکومەتی هەرێم  کۆمەڵێك کێشەی چارەسەرنەکراوی دەستوری و قانونی هەیە لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی ، کە گرینگترینیان ماددەی 140ی دەستور و دۆسیەی نەوت و پرسی هێزی پێشمەرگەیە، باسی حکومەتێکی زۆرینە بکات کە بەدەنگی کورد هیچ پرۆژە یاسایەك، جگە لەناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵکو لەئەنجومەنی داهاتووی وەزیرانیش تێپەرنابێت؟.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، “کەواتە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بکەینە قوربانیی دەستکەوتی چەند کەسێك کە هیچ بەهایەك بۆ قوربانییەکانی گەلەکەمان دانانێت و بەدوای دروشمێك کەوتوون، کەهیچ باوەڕیان بەمافی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی عیراقیش نییە”.

جەختدەکاتەوە، ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لە پێناوی حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانی و داهاتوویەکی باشترنییە بۆ گەلانی عێراق، بەڵکو هەندێک لایەن بەپێ بەرژەوەندیی تایبەت و تێڕوانینی‌ ناڕاست لە ئاوی لێڵ مەلە دەکەن.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییدا هاتووە، “ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە وەك بەرپرسیار و پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان و پارێزەری یەکڕیزی پێکهاتەکان و خاکی عێراق، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان لەدانیشتنی سبەی ئەنجومەنی نوێنەران بەشدارنابین”.

بابەتی پێشتر

سەدر: ئەگەر سێیەکی پەکخەر شیعین با گەورەترین هاوپەیمانیمان شیعی بێت

بابەتی دواتر

شەش هەنگاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەستی پەشیمانیدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share