مالكی ترسی هەیە لە “هەرەسهێنانی پرۆسەی سیاسی” و دەڵێت: دانیشتنەكەی پەرلەمان چارەنووسساز دەبێت

نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و مارك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.. فۆتۆ – نووسینگەی میدیایی مالكی

لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، نوری مالكی سەرۆكی چێوەی هەماهەنگی، ترسی خۆی نیشانداوە لە هەرەسهێنانی پرۆسەی سیاسی و داوای لە بەریتانیا كردووە ڕۆڵی ئەرێنیی هەبێت لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا، باڵیۆزی بەریتانیاش جەختیكردووەتەوە لەوەی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەدایە هەموو لایەنەكان لە حكومەتدا بەشداربن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە سەركردایەتیی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان دەكات، لە بەغداد پێشوازیكردووە لە مارك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

لە كۆبوونەوەكەدا مالكی ڕایگەیاندووە، “پرۆسەی سیاسیی عێراق گیرۆدەی داخران بووە و دەستوەردانی دەرەكی لە خراپترین دۆخدایە”. داواشی لە وڵاتان كردووە دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدەن و بەریتانیاش ڕۆڵی ئەرێنیی هەبێت لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا.

سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، “دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی پێكهێنانی حكومەت چارەنووسساز دەبێت” و ترسی خۆی نیشانداوە لە هەرەسهێنانی پرۆسەی سیاسی و ڕایگەیاندووە، “چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەكانی مكوڕن لەسەر پێكهێنانی سێیەكی پەكخەر و دەیكەینە بنەمایەك بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و پاراستنی پرۆسەی سیاسی لە هەرەسهێنان”.

“باڵیۆزی بەریتانیا جەختیكردەوە لەوەی وڵاتەكەی پشتیوانیی ئەوە دەكات حكومەتێكی گشتگیر لە عێراق پێكبهێنرێت كە هەموو لایەنەكان تیایدا بەشداربن”، وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

یونسێف: زیاتر لە نیوەی منداڵانی ئۆکرانیا دووچاری بێلانەیی بوون

بابەتی دواتر

دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی <br> هەرێم ئامادەیە لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share