نیو تۆن حەبی هۆشبەر كە ئامادەكرابوو بگەیەندرێتە هەرێمی كوردستان دەستیبەسەرداگیرا

ماددە هۆشبەرە دەستبەسەرداگیراوەكان

لەلایەن هێزەكانی ئاسایش لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر لە 2.5 ملیۆن حەبی كبتاگۆن كە لەنێو ماددەی بیناسازییەوە حەشاردرابوو دەستیبەسەرداگیرا، لە پرۆسەیەكدا كە بە گەورەترینی لەو جۆرە لە ناوچەكەدا دادەنرێت.

هێزەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە شاری قامیشلۆ ڕایگەیاند، كێشی حەبە هۆشبەرەكان دەگاتە 438 كیلۆگرام و ژمارەكەی بە 2.570.580 حەب دەخەمڵێندرێت.

ئاشكراشیكرد، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی گروپەكانی سەر بە ئەنقەرە لە باكووری سوریاوە هێنراونەتە ناوچەكە پاش ئەوەی لەنێو “بەردی گرانێت و سیرامیك” بەشێوەیەكی شارەزایانە شاردراوەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێكی ئاسایشی كورد، كە ناوی ئاشكرانەكردووە، وتی، “گەورەترین هەڵمەتی دەستبەسەراگرتنی حەبی كبتاگۆن-ە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا”، بەبێ ئەوەی وادەی پرۆسەكە ئاشكرابكات.

بەپێی ئاژانسەكە حەبە هۆشبەرەكان لە كۆگایەكدا لە قامیشلۆ دەستیبەسەرداگیراوە و بڕیاربووە بەرەو هەرێمی كوردستان دزەی پێبكرێت، بەڵام نازانرێت نیازبووە لە هەرێم ساغبكرێتەوە یان بەرەو ناوچەكانی دیكەی عێراق ببرێت.

دروستكردنی كبتاگۆن لە ناوچەكەدا نوێ نییە، سوریا بە دیارترین هەناردەكاری ئەو ماددەیە دادەنرێت لەدوای هەڵایسانی شەڕ لەو وڵاتە لە ساڵی 2011ەوە، بەڵام ململانێكانی وڵاتەكە وایكرد دروستكردن و بەكارهێنان و هەناردەكردنی برەوی زیاتری پێبدرێت. ئەمە جگە لەوەی چەندین كارگەی حەبی كبتاگۆن لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی لوبنانی دراوسێ چالاكە.

لە بەرامبەردا وڵاتانی كەنداو و بەتایبەتیش سعودیە شوێنی سەرەكی هەناردەكردنی ئەو حەبەیە، كە بە هۆشبەرە ئاسان دروستكراوەكان دادەنرێت.

بەپێی ئامارێكی فرانس پرێس بەتەنها لەدوای سەرەتای ئەمساڵەوە 47 ملیۆن حەبی كبتاگۆن لە ناوچەكەدا دەستیبەسەرداگیراوە.

بابەتی پێشتر

داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ملیاران دۆلاری "سەدام حسێن" لە لوبنان دەكرێت

بابەتی دواتر

ئەلمۆنیتەر: بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە پەلامارە تیرۆریستییەكان لە سوریا زیادیانكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share