ژاپۆن خاوەنی خێراترین کۆمپیوتەرە لە جیهاندا

كۆمپیوتەری فوگاکو دروستکراوی ژاپۆن، سێ هێندەی سەممیت-ی دروستکراوی ئەمریکا خێراترە، بەوەش جارێكی دیكە وەك خێراترین كۆمپیوتەری جیهان دیاریكرایەوە.

فوگاکو کە کۆمپیوتەرێکی دروستکراوی ژاپۆنە، خێراییەکەی 442.010 تێرافلۆپە لە چرکەیەکدا و جارێکی دیکە لە ڕیزبەندی یەکەمی “TOP500” وەک خێراترین کۆمپیوتەری جیهان هەڵبژێردرایەوە.

لیستی خێراترین کۆمپیوتەرەکانی جیهان “TOP500” کە ساڵی دووجار نوێ دەکرێتەوە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، فوگاکوی وەک خێراترین کۆمپیوتەری جیهان هەڵبژارد، بەهۆی ئەوەی تا مانگی تشرینی دووەم، ڕکابەرەکانی نەیانتوانیووە پێشی بدەنەوە، ئەو کۆمپیوتەرە ژاپۆنییە جارێکی دیکەش بە خێراترین کۆمپیوتەر هەڵبژێردرایەوە.

 لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، خێرایی کۆمپیوتەرەکە 415 تێرافلۆپ بووە لە چرکەیەکدا و لە ئێستادا خێراییەکەی بۆ 442.010 تێرافلۆپ بەرزکراوەتەوە.

نزیکتری ڕکابەر لە فوگاکو، کۆمپیوتەری سەممیت-ی دروستکراوی ئەمریکایە، بەڵام فوگاکو سێ هێندەی ئەو خێرایە.

کۆمپیوتەرە ژاپۆنییەکە جگە لە خێرایی لە هەرسێ ریزبەندی شێوازەکانی ژمێریاری پیشەسازی، پڕۆگرامەکانی ژیریی دەستکرد و شیکارکردنی زانیارییە گەورەکاندا لە پلەی یەکەمدا دێت.

جێی ئاماژەیە کۆمپیوتەری سەممیت کە لە ڕیزبەندی دووەمدایە خێراییەکەی 148.600 تێرافلۆپە لە چرکەیەکدا و دوای ئەویش کۆمپیوتەری سییەرا-ی دروستکراوی ئەمریکا لە پلەی سێیەمدا دێت کە خێراییەکەی 61.444 تێرافلۆپە لە چرکەیەکدا.

بابەتی پێشتر

هەرێم.. بەراورد بە ڕۆژی ڕابردوو ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا كەمبووەتەوە

بابەتی دواتر

ڕێبەر ئەحمەد: جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی تایبەت بە شەنگال هەنگاوی باشی بڕیووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share