مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: گفتوگۆ دبلۆماسی و سیاسییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان چڕتر دەكەینەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، گفتوگۆ دبلۆماسی و سیاسییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان چڕتر دەكەینەوە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو ساڵیادی ئازادكردنی كەركوك پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “گفتوگۆ دبلۆماسی و سیاسییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان چڕتر دەكەینەوە بۆ بەدیهێنانی تەواوەتی ئەو ئامانجانەمان تا لەسایەیاندا خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی و ئارامیی زیاتر لەوڵاتدا مسۆگەر ببێت”.

باسی لەوەشكردووە، “دڵنیایی دەدەینە هەموان هەوڵەكانمان زیاتر دەخەینە گەڕ بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەتر، لەپێناو چەسپاندنی مافە دەستوورییە نەتەوەییەكانمان لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكانی تر كەچەندین ساڵ خەباتمان بۆ كردوە و هەزاران قوربانیمان لەپێناویدا بەخشیوە”.

دەقی پەیامەكە:

پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو ساڵیادی ئازادكردنی كەركوكی قودسی كوردستانەوە

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، سەری ساڵی كوردی و وەرزی نوێبونەوەی سروشت و ژیان و سیمبولی خۆڕاگری و بەگژداچوونەوەی ستەم و زۆرداری . هاوكات لەگەڵ یادی سی و یەك ساڵەی ڕاپەرینی گەلەكەمان، كە بەئازادكردنی شاری كەركوك تاجی سەركەوتنەكانی لەسەرنا، پیرۆزباییەكی گەرم لە تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و میللەتانی نەورۆزخواز لەسەرتاسەری دونیا دەكەین و هیوادارین لەم بۆنە نەتەوەییەدا، بەتەبایی و یەكڕیزیی هەموولایەك، زاڵبین بەسەر ئەو قەیران و گرفتانەی بەرۆكی وڵات و خەڵكەكەمانی گرتۆتەوە ،دڵنیایی دەدەینە هەموان هەوڵەكانمان زیاتر دەخەینە گەڕ بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەتر بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لە پێناو چەسپاندنی مافە دەستورییە نەتەوەییەكانمان لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكانی تر كەچەندین ساڵ خەباتمان بۆ كردوە و هەزاران قوربانیمان لەپێناویدا بەخشیوە.گفتوگۆ دبلۆماسی و سیاسییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان چڕتر دەكەینەوە بۆ بەدیهێنانی تەواوەتی ئەو ئامانجانەمان تا لەسایەیاندا خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی و ئارامیی زیاتر لەوڵاتدا مسۆگەر ببێت.

كوردستانیانی خۆشەویست، كەركوكییە خۆڕاگرەكانی شارەكەی سەرۆك مام جەلال هیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە مایەی خۆشی و ئاسودەیی بۆ هەموان و ناخۆشیەكانمان بڕەوێنینەوە.

نەمری بۆ شەھیدانی ڕاپەڕینی كەركوك و تێكڕای شەھیدانی گەلەكەمان.

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پێشتر

كەسێك دەستگیركرا سێ ئەڵقەی ساختەی بە ئاڵتون ساخكردبووەوە

بابەتی دواتر

سەرخەوشكاندن مەترسی تووشبوون بە "زەهایمەر" زیاد دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share