“ئێمە هەست بە شەرمەزاری دەکەین لەکاتێکدا ئەو کارە دەکەین، بەڵام ئایا بژاردەیەکی دیکەمان هەیە؟”، ئەمە وتەی نەدا_یە، کە ژنێکە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، نەدا بەڕۆژ کار لە ڕێکخستنی قژ و ئارایشتگادا دەکات، بەشەویش جەستەی دەفرۆشێت، وەک خۆی دەڵێت بۆئەوەی بتوانێت بژێویی پێویستی ژیانی دابینبکات.
نەدا لەبارەی ژیانییەوە دەڵێت، “ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین ڕێزی ژنان ناگیرێت کارمان دەستناکەوێت نرخی کاڵا و شتومەکیش ڕۆژ بەڕۆژ بەرزدەبێتەوە، من دایکی منداڵێکم و هاوسەرم نییە، پێویستە ئاگام لە منداڵەکەم بێت و بژێویی خۆمان دابینبکەم، لەشفرۆشی دەتوانێت برە پارەیەکی باشم دەستبخات، من بیرم لە کڕینی شوێنێکی بچووک لە ناوەڕاستی شاردا کردووەتەوە، لەپێناو ئەوەدا ئەو کارەدەکەم، ڕاستییەکەی ئەوەیە من ڕۆحم دەفرۆشم لەپێناویدا”.
لەساڵی 2012دا ئێران بەرنامەیەکی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی ڕاگەیاند، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراو و چالاکوانە سەربەخۆکان ژمارەی ئەوانەی ئەو کارە دەکەن بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە.
دامەزراوە دینییە نەریتخوازەکانی ئێران ڕەتیدەکەنەوە هیچ کارێکی لەشفرۆشی لە وڵاتەکەدا هەبێت ئەگەر بە حاڵەتی کەمیش بێت، هەروەها حکومەتی ئێران باس لەوەدەکات کە لەشفرۆشی لەئێران پلانێکی خۆرئاواییە بۆ تێکدانی ڕەوشتی گەنجەکانیان و سەرقاڵکردنیان بەو جۆرە کارانەوە.
داتا نافەرمییەکانی ئێران دەریدەخەن، ئاستی تەمەنی ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن لە ئێران بەبەردەوامی دێتەخوارەوە، بەپێی ئامارێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەساڵی 2016دا بڵاویانکردووەتەوە ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن تەمەنیان لە 12 ساڵییەوە دەستپێدەکات.
کۆمەڵەی “ئافتاب” کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و کار بۆ نەهێشتن و چارەسەرکردنی کەسانی ئالودەبوو دەکات لەساڵی 2019دا ئامارێکی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە ژمارەی ئەوانەی لە تاراندا کاری لەشفرۆشی دەکەن 10 هەزار کەسن و 35%یان هاوسەریان هەیە.
دکتۆر ئەمیر محەمەد هوریشی مامۆستا لە زانکۆی تاران و پرۆفیسۆر لە کاروباری کۆمەڵایەتی لەوبارەیەوە دەڵێت، “زۆریی ژمارەی ئەوانەی لەتاران لەشفرۆشی دەکەن بۆ لاوازیی خۆیان دەگەڕێتەوە”.
وتیشی، سەرباری بوونی کێشە دەستنەکەوتنی کار لەلایەن ژنان و نەبوونی تێگەیشتن لەبارەی یەکسانیی ژن و پیاو، ئەوەش وایکردووە بەشێکی زۆر لە ژنان بۆ چاودێریکردنی خێزانەکانیان و بژێوییان ڕووبکەنە ئەوکارە، لەکاتێکدا مەترسییەکانی یەکجار زۆرن.
مەهناز کە کچە خوێندکارێکی زانکۆی تارانە و بەشێوەیەکی کاتی کاری لەشفرۆشی دەکات دەڵێت، “کاری لەشفرۆشی لە ئێران قەدەغەیە، لەئەگەری ئاشکرابوونیدا ژنەکان بە سزای زۆر توند سزادەدرێن، بۆیە پیاوان ئەمەیان وەک خاڵی سوود بۆخۆیان بەکارهێناوە و زۆرجار لە بۆنەکاندا لەگەڵ کەسێکدا دەبیت و دواتر ڕەتیدەکاتەوە ئەو برە پارەیە بدات کە لەسەری ڕێککەوتوون بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ سکالایەک تۆماربکەین و ناچارین بێدەنگبین”.
مەهناز ئاماژە بۆ قورسی باری داراییان دەکات کە ناتوانن پێداویستییەکانیان لەڕێگەی کارێکی ئاساییەوە دابینبکەن بۆیە ناچارن کاری لەشفرۆشی بکەن.
هاوسەرگیریی موتعە
ژمارەیەکی زۆر لەوانەی کاری لەشفرۆشییان کردووە لە ئێران لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ساڵی 1979وە لەسێدارەدراون، بەڵام بۆ جێگرتنەوەی ئەو کارە ئێران هاوسەرگیریی موتعەی داناوە، کە هاوسەرگیرییەکە پشتدەبەستێت بە ڕێککەوتنی هەردوولا بۆ هاوسەرگیرییەکی کاتی لەبەرامبەر بڕێک پارەدا.
ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە پێگە و هەژماری تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا هەن بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە، ئاماژە بەوەدەکەن کە خزمەتگوزارییەکەیان لەڕێگەی حکومەتەوە ڕێگەیپێدراوە و هیچ کێسەیەکی یاسایی نییە.
ئەوەی گومانی تێدانییە یەکێک لە گرنگترین و سەرەکیترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەشفرۆشی لە ئێران بۆ خراپی دۆخی ئابوری و سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک لە ساڵی ڕابردووەوە ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا بەتێکڕای 48.6% بەرزبووەتەوە، هەروەها ڕێژەی بێکاری و پێنەدانی پاداشتی کرێکاران بەرزبووەتەوە.
لە دۆخێکی وادا ژمارەی ئەو پیاوانەی تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 38 ساڵیدایە و ئەو کارەدەکەن بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە بەتایبەت لە سارە گەورەکانی وڵاتەکەدا.
کامیار تەمەنی 28 ساڵە و لەیەکێک لە شوێنە بازرگانییەکاندا کاری ژمێریاری دەکات وتی، “من کارێکی ئەوەندە باشم نییە بتوانم هاوسەرگیری بکەم لەگەڵئەوەشدا مووجەکەم ئەوەندە کەمە ناتوانم بژێویی خۆم دابینبکەم، بۆیە لەگەڵ کەسانی نەناسراو سێکس دەکەم لەپێناو بڕە پارەیەک هەرچەندە ئەوە بۆ من شەرمەزارییە بەڵام ناچارم لەپێناو دابینکردنی بژێویی خۆم”.