نێچیرڤان بارزانی: وەفاداری بۆ هەڵەبجە، یەكڕیزییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 34 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕایگەیاند، “باشترین یاد و وه‌فاداری بۆ گیانی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان یه‌كڕیز و ته‌بابن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەیامێكدا بۆیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، “ده‌بێ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ زیاتر خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێت و له‌م یاده‌دا “داوا ده‌كه‌ین ده‌وڵه‌تی عیراق وه‌ك ئه‌رك و پابه‌ندیی یاسایی خۆی، خێزان و كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌و قوربانییانه‌ی هێشتا له‌ ژیاندان و ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه و چیتر پشتگوێ نه‌خرێن”.

دەقی پەیامەكە:

ئه‌مڕۆ شازده‌ی ئازار، به‌وپه‌ڕی شكۆوه‌ یادی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و سه‌ری ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانی پاكیاندا داده‌نوێنین. ئه‌وان به‌رله‌‌ 34 ساڵ له‌ یه‌كێك له‌ سامناكترین تاوانه‌كانی مێژوودا، بوونه‌ قوربانیی ده‌ستی ڕژێمی ئه‌وسای عیراق كه‌‌ به‌ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی كیمیایی، دڕندانه‌ كۆمه‌ڵكوژ كران، هه‌زارانی دیكه‌ش بریندار و ده‌ربه‌ده‌ر بوون كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان چیرۆك و به‌سه‌رهاتێكی دڵته‌زێنی هه‌یه.

كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، تاهه‌تایه‌‌ سیمبولی سته‌ملێكراویی میلله‌تێكی قوربانییه،‌ كه‌ ته‌نیا تاوانی ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر خاكی ڕه‌سه‌نی خۆی و له‌ژێر ئاسمانی خۆیدا، داوای ژیان و ئازادی و دادپه‌روه‌ری ده‌كات. میلله‌تێك كه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ مێژوو و شارستانیی ناوچه‌كه‌دا گێڕاوه‌ و هه‌میشه‌ ده‌ستی دۆستایه‌تی و مرۆڤپه‌روه‌ری و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی بۆ هه‌مووان درێژ كردووه‌.

كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌وڵێكی دیكه‌ی بێهووده‌ و بێئه‌نجامی تاوانكارانی مێژوو بوو، تا ئیراده‌ی پۆڵایینی گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی و سه‌رفرازی تێكبشكێنن، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ خۆڕاگری مایه‌وه‌ و ئیراده‌ی ژیان و هه‌ستانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی گه‌لی كوردستان، شكستی به‌ خه‌یاڵی ئه‌وان هێنا و بۆ ژیان و ئازادی و سه‌رفرازی تێهه‌ڵچووه‌وه‌.

ده‌بێ له‌م هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ زیاتر خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێت و له‌م یاده‌دا داوا ده‌كه‌ین ده‌وڵه‌تی عیراق وه‌ك ئه‌رك و پابه‌ندیی یاساییی خۆی، خێزان و كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌و قوربانییانه‌ی هێشتا له‌ ژیاندان و ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌ره‌بۆ بكاته‌وه و چیتر پشتگوێ نه‌خرێن، هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی به‌پارێزگابوونی ته‌واو بكات، تا به‌و شێوه‌یه‌ كه‌مێكیش بێت له‌ خه‌میان كه‌م بكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و جیهانی پێشكه‌وتوو، له هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌درێت كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له‌ هیچ شوێنێكی دیكه‌ی سه‌رزه‌مین دووباره‌ ببێته‌وه‌ و چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ و به‌رهه‌مهێنانی، یه‌كجاری و به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ بكرێت و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ له‌ به‌كارهێنانی بگیرێت.

‌دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌: باشترین یاد و وه‌فاداری و ڕێز بۆ گیانی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوی كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان یه‌كڕیز و ته‌با بن و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن تا ته‌واوی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌ده‌ست بهێنین و فیدرالی و قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان بپارێزین، هه‌موو لایه‌كیش وانه‌ له‌ په‌نده‌كانی مێژوو ببینین و بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كی باشتر، بیانكه‌ینه‌ ڕێنیشانده‌ر.

سڵاو و دروود بۆ گیانی شه‌هیدان.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

16ی ئازاری 2022

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: واز لە دروشم بێنین و خزمەتی هەڵەبجە بكەین

بابەتی دواتر

كەنەكە: تا ئێستا توركیا لە باشووری كوردستان چەكی كیمیایی بەكاردەهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەرایەتیی KMCA: ریکلام بۆ بەرهەمێکی ساختە دەکرێت کە مەترسیی گەورە بۆ بەکارهێنەر دروستدەکات و خۆتانی لێ بەدووربگرن

دامەزراوەی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی KMCA ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان…
Total
0
Share