شەش نان بوو بە هەزار دینار

لە سلێمانی، نانەواخانەكان نرخی نانیان گرانكرد و شەش نان دەدەنە هەزار دینار، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتیش دەڵێن، “نایاساییە”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خاوەنی نانەواخانەكانی سلێمانی هۆشدارییان دا لەوەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردەوە، ناچارن نرخی نان گران بكەن، بۆیە داوایانكرد حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری نرخی ئاردیان بۆ بكەن.

ئەوكات، خاوەنی نانەواخانەكان مۆڵەتی چەند ڕۆژێكیان دا بە حكومەت تا وەڵامیان بدرێتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە مۆڵەتەكە كۆتایی هات، بۆیە بەشێكی زۆری نانەواخانەكان شەش نانیان كردە بە هەزار دینار.

یەكێك لە نانەواكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێشتر فەردەیەك ئاردیان بە 23 هەزار دینار دەكڕی، دواتر بەرزبووەوە بۆ 37 هەزار دینار، هەر هەشت نانیان داوە بە هەزار دینار، بەڵام چەند ڕۆژێكە بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە ئارد بەرزبووەتەوە بۆ 47 هەزار دینار، بۆیە ناچار بوون نرخی نان گران بكەن.

وتیشی، داوایان لە قائیمقامیەت كردووە لە پرسەكانی ئارد و غازدا یارمەتییان بدەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەكردوون و وەڵامیان نەداونەتەوە.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی نانەواخانەكانی سەر بە قائیمقامیەتی سلێمانی سەردانی نانەواخانەكانیان دەكرد و بەرزكردنەوەی نرخی نانیان بە نایاسایی وەسفكرد، بۆیە پسووڵە بۆ هەر نانەواخانەیەك دەكەن كە نرخی نانیان بەرزكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

مستەفا كازمی گەیشتە هەولێر

بابەتی دواتر

دۆلار لەسەروو 147 هەزار دینار مایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share