ئیسرائیل هێزە سەربازییەكانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

كڵاوەی ئاسنینی ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل حاڵەتی ئامادەباشی لەنێو سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هێزە ئاسمانییەكان و هەواڵگری ڕاگەیاند، بەهۆی ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەكی ئێران بەرامبەر كوژرانی دوو كارمەندی سوپای پاسداران لە سوریا.

سایتی (ئیسرائیل هیوم) ڕایگەیاند، دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ ئەگەری هێرشی جۆراوجۆر لە بژاردەكانی وەڵامدانەوەی ئێران دەكات، كە پێدەچێت هەڵدانی مووشەك بە ئاراستەی باكووری ئیسرائیل لەخۆبگرێت، لەگەڵ هێرش بۆسەر سنوور و تا هەڵدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە ئاراستەی ئیسرائیل.

دوای ئەوەی ئێوارەی سێشەممەی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران كوژرانی دوو سەربازی لەئاكامی هێرشێكی ئیسرائیل لە سوریا ڕاگەیاند، بەڵێنیدا ئیسرائیل “باج”ی ئەو كارەی دەدات.

ئەمڕۆش پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەكەی شەوی ڕابردووی هەولێر ڕاگەیاند و دەڵێت، بەدوای تاوانەكانی ئەمدواییەی ڕژێمی ئیسرائیل و ڕاگەیەندراوی پێشووی بەوەی تاوان و كارەكانی ئەو ڕژێمە بەبێ وەڵامدانەوە تێناپەرێت، شەوی ڕابردوو ناوەندی ستراتیژیی پلانگێڕییەكانی ئیسرائیل و شەڕ، بە مووشەكی بەهێزی سوپای پاسداران كرایە ئامانج.

دەشڵێت، “جارێكی دیكە هۆشداری دەدەینە ڕژێمی زایۆنیی تاوانبار كە لە دووبارەكردنەوەی هەر شەڕێك ڕووبەڕووی كاردانەوەی توند و یەكلاكەرەوە و وێرانكەر دەبێت”.

شەوی ڕابردوو هێرشێكی مووشەكی بۆسەر چەند ناوچەیەك لە هەولێر ئەنجامدرا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان 24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن.

ئاشكراشیكرد، “زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاوڵاتییەک بە سووکی برینداربووە”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران بڵاویكردەوە لە ئاكامیدا 9 كەسی سەر بە ئیسرائیل لەنێوان كوژراو و برینداردان و ناوەكانیشیانی بڵاوكردەوە.

بابەتی پێشتر

لقی سلێمانیی بانكی ناوە‌ندیی ھە‌رێم: هەڵمەتێكی چەواشەكارانە دژی سلێمانی هەیە و ‏دەرهاویشتەی سیاسییە

بابەتی دواتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنچیلۆتی پێش یارییەكەی ڕیاڵ مایۆركا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share