بەرپرسانی ئەمریكی: هێرشەكەی هەولێر ڕەنگە وەڵامدانەوەی بۆردومانەكەی سوریا بێت

ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی پێیانوایە ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو كرایەسەر هەولێر، وەڵامدانەوەی ئەو بۆردومانە ئاسمانییە بێت كە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل لە سوریا ئەنجامیدا و بووەهۆی كوژرانی دوو سەربازی سوپای پاسداران، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویكردوەتەوە.

ڕۆژنامەكە لە زاری ئەو بەرپرسانەوە بڵاویكردەوە، “ئێران سەرچاوەی هێرشەكەیە” كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكای لە هەولێر، كە هێشتا لە دروستكردندایە، كردەئامانج.

ئاشكراشیانكرد، لانیكەم مووشەكێك لە دووری زیاتر لە دوو كیلۆمەتر لە كۆمەڵگا نوێیەكەی ئەمریكا كەوتووەتەوە.

بەپێی وتەی ئەوان، نە كۆمەڵگاكە و نە هیچ ئەمریكییەك زیانیان پێنەگەیشتووە، بەڵام بەرپرسان دڵنیانین لەو لایەنەی لە هێرشەكەدا كراوەتە ئامانج.

پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای بۆردومانەكەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران ڕێوشوێنی لێپێچینەوە لە ئیسرائیل دەگرێتەبەر.

دوای هێرشەكە دژەتیرۆری کوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردەوە، “کاتژمێر 1ی ئەمشەو لەڕێگەی 12 مووشەکی بالیستی گەڕەکێکی شاری ھەولێریان بە ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کردەئامانج، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”.

هەروەك سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم بڵاویكردەوە، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ناوخۆ: مووشەكەكان لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەكراون و لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە

بابەتی دواتر

لە باشووری عێراقیش كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرایە ئامانج

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share