پوتین ڕەزامەندیدا “خۆبەخشان”ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕی دژ بە ئۆكرانیا بەشداریبكەن

ژمارەیان 16 هەزاری تێپەڕاندووە

سەرۆكی ڕوسیا ڕەزامەندیدا لەسەر بیرۆكەی هاوكاریی هەزاران خۆبەخش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ چوونە ناوچەی دۆنباس بەمەبەستی بەشداریكردن لە شەڕ هاوشانی هێزەكانی وڵاتەكەی.

ئەو بیرۆكەیە ڕۆژی هەینی لەلایەن سێرگی شیگۆ، وەزیری بەرگریی ڕوسیا خرایە بەردەم ڤلادیمێر پوتین لەمیانەی كۆبوونەوەی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا.

بەپێی وتەی وەزیرە ڕوسییەكە ژمارەیەكی زۆری داواكارییان لە خۆبەخشانی وڵاتە جیاوازەكانەوە پێگەیشتووە، كە دەیانەوێت بچنە كۆمارەكانی دۆنیتسك و لۆگانسكی میللی بەمەبەستی بەشداری لە شەڕ، زۆرینەیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە و ژمارەشیان 16 هەزاری تێپەڕاندووە.

داواكارییەكان لەبەر هۆكاری دارایی نەبووە، بەڵكو ویستی ڕاستەقینەی ئەو كەسانەیە، وەك ئەوەی شیگۆ ئاماژەی پێدا و وتی، “زۆریان دەناسین و پێشتر هاریكارییان كردوین لە شەڕی دژ بە داعش لە ساتە زۆر دژوارەكاندا لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا”.

لای خۆیەوە پوتین وەڵامیدایەوە و ئاماژەی بەوەكرد، پشتیوانە ڕۆژئاواییەكانی ڕژێمی ئۆكرانیا كارەكانیان ناشارنەوە لە كۆكردنەوەی “بەكرێگیراو” لە سەرجەم ناوچەكانی جیهان و گواستنەوەیان بۆ ئۆكرانیا.

سەرۆكی ڕوسیا ئەوەشی وت، پێویستە بە ئەرێنی وەڵامی ئەو كەسانە بدرێتەوە كە دەیانەوێت بچنە دۆنباس بۆ هاوكاریكردنی دانیشتووانەكەی.

لەبارەی ئەو هەوڵەی ڕوسیاوە نید برایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی پێیوایە بەشداریپێكردنی خۆبەخشانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشەكەی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، زیادكردنی ململانێكەیە لەلایەن ڕوسیاوە.

برایس وتی، بیرۆكەی پەلكێشكردنی خۆبەخشان ئاماژەیە بەوەی سوپای ڕوسیا “ڕووبەڕووی بەرگری لە ئۆكرانیا دەبێتەوە، ئەمەش لەپشت پێویستبوونیەتی بە خۆبەخشان لەو شەڕەی ئێستایدا”.

هەفتەی ڕابردوو دیمیترۆ كۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، نزیكەی 20 هەزار شەڕكەری خۆبەخشی بیانی گەیشتوونەتە ئۆكرانیا، كە لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتوون، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاوە، بۆ پشتگیری لە ئۆكرانیا دژی ڕوسیا.

كۆلیبا وتیشی، “لەم ساڵانەی دواییدا زۆر كەس لە جیهاندا ڕقیان لە ڕوسیا و كارەكانی بوو، بەڵام كەس بوێریی بەرپەرچدانەوەی نەبوو، بۆیە كاتێك ئۆكرانییەكانیان بینی كە دەجەنگن و خۆیان نادەن بەدەستەوە، بووە پاڵنەر زۆر كەس تا بەشداریی شەڕ بكەن”.

ڕۆژێك دواتریش بڵاویكرایەوە كە نیشانەشكێنێكی كەنەدی ڕووی لە ئۆكرانیا كردووە بەمەبەستی بەرگریكردن لەو وڵاتە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ڕوسیا.

“واڵی” ناسناوی نیشانەشكێنەكەیە كە خەڵكی كانتۆنی كیبكی كەنەدایە، یەكێكە لە نیشانەشكێنە دەستەبژێرەكانی كەنەدا و پێشتر لە ڕیزەكانی ئەو هێزەی وڵاتەكەیدا خزمەتیكردووە.

بابەتی پێشتر

ڕۆناڵدۆ دەیەوێت تینوێتی خۆی بەرامبەر تۆتنهام بشكێنێت

بابەتی دواتر

ڕوسیا هۆشداریدەدات لە کەوتنی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان بەهۆی سزاکانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share