دەسپاكی: ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسە لە یەكلانەكردنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی نایاسایی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێم دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە كاریان لەسەر دۆسیەی خانەنشینانی نایاسایی كردووە و ڕوونیدەكاتەوە، هەر بڕیارێك لەبارەیانەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان بە ‏تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2021ـەوە لەگەڵ ‏زۆربەی وەزارەتەكان كۆبوونەوەیان لەسەر ئەو دۆسێیانە ئەنجامداوە، هەفتەی ڕابردوو ‏دوایین وەزارەت كە كۆبوونەوەیان لەگەڵدا كردوون، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ‏ئەنفالكراوان بووە.‏

وتیشی، “دەزگاكەی ئێمە چاودێرییە، بەدواداچوون بۆ سەرجەم ‏ئەو بابەتانە دەكات كە باس لە نایاساییبوونیان دەكرێت، بەڵام بڕیاردەر ئەنجومەنی ‏وەزیران، لیژنەی باڵای چاكسازی و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ‏ئەنجومەنی وەزیرانن”.

بەپێی یاسای چاكسازی، بڕیاربوو پێداچوونەوە بەو مووچانەی خانەنشینیی باڵا ‏بكرایە، كە بە نایاسایی كراون، بەڵام ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران لە چەند ڕۆژی ‏ڕابردوودا باسیان لەوە كرد، مووچەی خانەنشینانی نایاسایی نەبڕدراوە.‏

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی لەگەڵ ئەوەدا نییە “ئەو كەسانەی پێشتر خزمەتیان نەبووە و ‏خانەنشینكراون و ئێستا مووچە وەردەگرن، بە خانەنشینی نایاسایی ناوببرێن”، ‏ئەو ناویدەنێت “جۆرێك لە بەهەدەردانی سامانی گشتی”، چونكە پێشتر لە حكومەتەوە ‏خانەنشینكراون.‏

سەرەڕای ئەوە، ئەحمەد ئەنوەر دووپاتیكردەوە، “سەرجەم ئەو دۆسێیانەی گومانیان ‏لەسەرە لەبارەی خانەنشینان و پلەی خانەنشینبوونیان، دەكەینە ڕاپۆڕت و بەرزیدەكەینەوە ‏بۆ ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتی جێبەجێكردن، ئەوە ئەوانن كە بڕیاریان لەبارەوە ‏دەدەن”.‏

یەكشەممەی ڕابردوو عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، “یاسای چاكسازی له‌سه‌ر كاغه‌ز شتی باشه‌، ساڵێك و هه‌شت مانگه‌ یاساكه‌ كه‌وتووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بەڵام تائێستا مووچه‌ی هیچ كه‌س له‌وانه‌ی به‌ نایاسایی خانه‌نشینكراون ڕانه‌گیراوه”.

وتیشی، “تائێستا مووچه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ وه‌زیر، بریكاری وه‌زیر و پله‌ی سه‌ربازیی باڵا خانه‌نشینكراون هیچیان ڕانه‌گیراون‌، هه‌روه‌ها به‌پێی یاساكه‌ ده‌بوو پاسه‌وانی ڕێكبخرێته‌وه‌، دوای ساڵێك و هه‌شت مانگ تائێستا به‌رپرس هه‌یه‌ فه‌وج و سریه‌ی هه‌یه”.

بابەتی پێشتر

یەكێتیی مامۆستایان: ناكرێت بە پاساوی نەناردنی 200 ملیارەكە مووچە دابەشنەكرێت

بابەتی دواتر

شێوەکارێکی بەناوبانگی ئەمریکی هونەرەکەی لە ژنێکی ئۆکرانییەوە بردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share