یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهیچ پاساوێك قبوڵیناكەن مووچەی مامۆستایان دابەشنەكرێت و هەڵویستی توندیان دەبێت.
ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی ڕێكخراوەكە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی سكرتارییەت بەڕێوەچووە و “چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە مامۆستایانمان تاوتوێكرد و نیگەرانیی خۆمان لە دابەشنەكردنی مووچەی مامۆستایان دەربڕی، ناكرێت بەهیچ پاساوێك و نەناردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداد مووچەی مامۆستایان دابەشنەكرێت”.
وتیشی، “ئێمە حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانین بە چەند پاساوێك مووچەی مامۆستایان دابەشناكات و ئەگەر دەست بە دابەشكردنی مووچە نەكرێت، كۆبوونەوەی مەكتەبی تەنفیزی ئەنجامدەدەینەوە و هەڵویستی توند دەگرینەبەر”.
سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایان باسی لەوە كرد، “یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانمان دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایانە و تائێستا 60%ی مامۆستایان لە وەرگرتنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون سوودمەندنەبوون و داوادەكەین حكومەتی هەرێم بەزووترین كات داواكارییەكانمان جێبەجێبكات”.