نووسەرێکی فێمینیست نووسیویەتی، “مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی پیاوانە”، چونکە پیاوسالاری وایکردووە هیچ کایەیەکی ژیان و کەلتوور، هەر لە فەلسەفە و هونەرەوە تا وەرزش و تەنانەت چێشتلێنانیش، بوارێک بێت کە تێیدا بەشداریکردنی ڕەگەزی نێرینە زاڵبێت و نەهێڵدرێت ژنان بە ئاسانی دەربکەون.
ئەمانەی خوارەوە، چەند ژنێکن کە بە کارەکانیان و بەشداریکردنیان لە کەلتووردا، بیرکردنەوەی مرۆڤایەتییان لەبارەی ژنان و ژنبوونەوە بۆ هەتاهەتایە گۆڕی.
سیلڤیا پلاس
ئەم شاعیرە فێریکردین کە ژنان کاتێک خەمۆکیش دەبن، بە شێوازی تایبەتیی خۆیان خەمۆک دەبن و تەنانەت لەوەشدا لە پیاوان ناچن.
لە بەرگەگرتنی ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی و نەفرەتەوە، تا تەواوکردنی خوێندن بە نابەدڵی و چەند ئەزموونێکی ناخۆشی کارکردن و هەڵکردن لەگەڵ هاوسەرێكدا، کە ئەگەرچی وەک خۆی شاعیر بوو، بەڵام بەردەوام ئازار و ئەشکەنجەی دەدا، پلاس خەمۆکی و ئازارچەشتنێکی ژنانەی زۆری هەبوو تا لە شیعرەکانیدا بیانخاتەڕوو، هەر وایشیکرد، ئەمە بەر لەوەی لە تەمەنی 30 ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. بەڵام پێش ئەوە، دەقێکی نووسی بە ناوی “خانمە لازارۆس”ەوە، کە تێیدا وەک لازارۆس، ئەو پیاوەی لە ئینجیلدا باسکراوە، دەیەوێت زیندووببێتەوە. لەو شیعرەیدا دەڵێت:
“ئەوەتا من ژنێکم ڕووبەخەندە
تەنیا سی ساڵم و
وەک پشیلە دەبێت نۆ جار بمرم
لە خۆڵەمێشەوە
بە قژی سوورمەوە زیندوودەبمەوە و
پیاوان قووتدەدەم وەک ئەوەی هەوا بن.”
سیمۆن دی بۆڤوار
لە سەدەی بیستدا، کاتێک سیمۆن دی بۆڤواری فەرەنسی دەستی بە نووسین کرد، میراتێکی گەورە و گرنگی فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن بیرمەندانی دیکەوە بەرهەمهێنرابوو، بەڵام بە بۆچوونی ئەوانەی گرنگییان بە ڕەخنەی فێمینیستی و بەشدارییەکانی ژنان دەدا، لە هیچ کوێی ئەم میراتە کەلتوورییەدا پانتاییەکی تایبەت بۆ ژنان تەرخاننەکرابوو. وادیاربوو دیبۆڤوار چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی کردبێتە ئەرکی خۆی، چونکە گەر تەمەنێکی درێژتری هەبووایە، ڕەنگبوو سەرجەم کایەکانی هزر، لە بوونگەراییەوە تا سیاسەت و فەلسەفەی هونەر، بە جۆرێک دابڕێژێتەوە کە تایبەتبن بە ژنان. “ڕەگەزی دووەم” گرنگترین کتێبێتی، کە تێیدا باس لەوە دەکات کۆمەڵگە چۆنچۆنی مێیینە لە قاڵبدەدات و دەیانکات بە ڕەگەزێکی لاوەکی و کەمتر لە پیاو، یان دەیانکات بە ڕەگەزی دووەم، کە لاوەکیترە لە ڕەگەزی یەکەم. نووسینەکانی ئەم بیرمەندە چەندین بواری جیاجیا دەگرنەوە، هەر لە ڕەخنەی ئەدەبییەوە، تا سیاسەت و فەلسەفەی عەشق. ئەو لە جێیەکدا دەنووسێت: “ئەگەر کێشەی ژن شتێکی بێمانایە، لەبەر ئەوەیە کە خۆپەرستیی پیاوان کردوویەتی بە کێشە، تا بێمانا بێت”.
فریدا کالۆ
کالۆی نیگارکێش یەکێکە لەو ژنانەی هەرگیز لەبیرناکرێن، چونکە لە تابلۆکانیدا، بە ڕەنگە قەشەنگەکانی و بە گرنگیدانی بە نواندنەوەی کەلتووری نیشتمانەکەی و پێداگریی سەختییەوە لەسەر پرسی ژنبوون، کاری هونەریی وەهای پێشکەشکرد کە پێش کالۆ، هەر نەشدەزانرا دەکرێت بەرهەمبهێنرێن. لەلایەن شارەزایانی هونەرەوە، بە یەکێک لە گرنگترین ئەو هونەرمەندانە دادەنرێت کە ژنێتی و شێوەی ژنیان لە کار و بیرۆکەکانیاندا دەربڕیوە. ئەو لە جێییەکدا دەڵێت: “جا من قاچم بۆ چییە، کاتیک دەتوانم بە باڵ بفڕم؟”.