جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەم ئاشکرایکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای شاندەکانییەوە پابەندی خۆی بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە بەغداد بەڵام بڕیارەکەی پەرلەمان سەبارەت بە هەرێم شۆڤێنیانە بوو.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “لە کۆبوونەوەی دوێنێی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان شاندی حکومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد داتا و زانیارییان سەبارەت بە کۆبوونەوە و ڕێککەوتنەکانیان خستەڕوو”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی، “لە بەرواری 16/7/2019 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد و ئامادەیی هەرێمی بۆ رادەستکردنی نەوت و پابەندییەکانی دیکەی بەبەغداد ڕاگەیاند لەبەرامبەر ڕەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان”.
هێمن هەورامی ڕاشیگەیاند کە لە 25/7/2019 حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆپۆزەڵ و پێشنیاری خۆیان سەبارەت بە ڕێککەوتن لەسەر پرسەکانی ناوچە کوردستانییەکان، نەوت و پێشمەرگە پێشکەشی بەغداد کردووە.
هەر بەپێی وتەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە 1/12/2019دا ڕێککەوتنکراوە بۆ ناردنی بڕی 453 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان و کە سامر غەزبان جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی عێراق کە هاوکات وەزیری نەوتیش بوو ئامادەی دانوستانەکەبوو.
لەو دانوستانەدا شاندی هەرێم ئامادەیی بۆ ناردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە و تەنانەت هەموو بڕە نەوتی هەرێم کە 450 هەزار بەرمیلە ڕادەستبکات بەمەرجێک هەموو بەشە بودجەی هەرێم و شایستەکانی دیکەی هەرێم ڕەوانە بکرێت.
لە 15/4/2020 ناردنی ئەو 453 ملیار دینارە لەلایەن عێراقەوە بڕدرا، لەوکاتەوە تاوەکو 6/9/2019 شاندی هەرێمی کوردستان 12 جار چوونەتە بەغداد بۆ دانوستان و لە 15/8 کازمی بڕیاری ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانەیدا بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەرواری 6/9/2020 بەغداد و هەرێم ڕێککەوتنیان کرد بۆ مانگەکانی 8,9,10 بەڵام لەو نێوانەدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ مانگەکانی 5,6,7 ڕەوانە نەکراوە لەلایەن بەغدادەوە.
لە 1/10 پرۆژە یاسای قەرز ڕەوانەی پەرلەمان کرا، کە کورد هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو پرۆژە یاسایەدا نەبوو بەڵام پرۆژە یاساکە گەڕێنرایەوە لەلایەن پەرلەمانەوە بەڵام دواتر بینیمان بەوجۆرە گۆڕانکاری تێداکرا کە پەرلەمان لەلایەن هەندێک شۆڤێنی لە پێکهاتەی سونە و شیعەوە لە پەرلەمان پەسەندکرا.
هێمن هەورامی ڕاشیگەیاند کە لەلایەن شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کە کاتیان پێبدرێت بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر ئەو وردەکارییانە ئامادەبکەن و لەپەرلەمان بیخەنەڕوو بۆیە بڕیارماندا بە دواخستنی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان.