چی لەبارەی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئۆكرانیا دەزانیت؟

لەگەڵ ئەو تەقینەوەیەی لە یەكێك لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئۆكرانیا بەهۆی شەڕی ڕوسیاوە ڕوویدا، مەترسییەكان لەبارەی ئەتۆم زیاتربوون، لەكاتێكدا وڵاتەكە خاوەن چەند وێستگەیەكەوە و ترسی دووبارەبوونەوەی مێژوو لە تیشكدانەوە و ژەهراویبوونی ئەتۆمی هەیە.

ڕۆد ئیوینگ، هاوبەڕێوەبەری سەنتەری ستاتفۆرد بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، وێستگە ئەتۆمییەكان وەك بۆمب ناتەقنەوە، بەڵام دەشێت زیانی زۆر زیاتریان هەبێت لەوەی چەكێكی ئەتۆمی دروستیدەكات، بەهۆی ئەوەی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی بەرهەمە زۆر تیشكدەرەكانی تیایە.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە، ئۆكرانیا 15 كورەی ئەتۆمیی كاركردووی هەیە كە لە ناوچە جیاوازەكانی وڵاتەكەدا بڵاوبوونەتەوە، شەشیان لە زاپۆریژیا-یە هەندێكیان دەكەونە باشوور لەنێوان كیێڤ و ئۆدیسا، هەروەها لە باكووری ڕۆژئاوای وڵاتەكە هەن.

ئاشكراشیكردووە، ئەم وێستگانە نزیكەی 50%ی كارەبای ئۆكرانیا دابیندەكەن، لەكاتێكدا وزەی ئەتۆم یەكێك لە هەنگاوە ستراتیژییەكانی ئۆكرانیان بۆ خۆڕزگاركردن لە پشتبەستن بە ڕوسیا لە بواری وزەدا.

لەو چێوەیەدا وێستگەی ئەتۆمیی نوێ لەبواری بونیادناندان كە دەكەونە ناوچەی خمیلنیتسكی لە ڕۆژئاوای ئۆكرانیا، لە وێستگەیەكدا كە دوو كورەی كاردەكەن.

زاپۆریژیا
گەورەترین وێستگەی وزەی ئەتۆمە لە ئەوروپا، بونیادنراوە بۆ بەرهەمهێنانی 5700 میگاوات لە كارەبا لەكاتی گەیشتنە ئەوپەڕی توانا، دەكەوێتە دەوروبەری شاری ئیرهودار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، بە دووری نزیكەی 350 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی لەگەڵ ڕوسیا، كورەكانی لەنێوان ساڵانی 1984 و 1995 دەستیان بەكاركردووە.

دوێنێ كەوتنەخوارەوەی مووشەكێكی ڕوسی بووەهۆی هەڵایسانی ئاگر لە وێستگەكەدا، وایكرد ئاگاداركردنەوە لە سەرجەم ناوچەكانی جیهان بڵاوبكرێتەوە، بەڵام دەسەڵاتداران هیچ تیشكدانەوەیەكیان تۆمارنەكرد.

چێرنۆبڵ
هەفتەی ڕابردوو هێزەكانی ڕوسیا دەستیان بەسەر وێستگەی لەكاركەوتووی چێرنۆبڵ-دا گرت، شەڕ و پێكدادانەكانی نزیك وێستگەكە نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی ئەوەی تەقینەوەكەی ساڵی 1986 زەوییەكی ژەهراوی لە دەوروبەری و كاردانەوەی دیكەی تائێستا مەترسیداری هەیە.

هەر چوار كورەی وێستگەكە چەندین دەیەیە داخراون، لەم ساڵانەی دوایدا داپۆشەرێكی كۆنكرێتی بەسەردا كراوە بۆ ڕێگری لە دەرچوونی نزیكەی 220 تۆن ماددەی تیشكدەرەوە.

وێستگەكانی دیكە
ئۆكرانیا خاوەن پێنج وێستگەی ئەتۆمییە، چواریان لە خزمەتدان، پێنجەمیان چێرنۆبڵ-ە كە پاش كارەساتەكە ڕاگیراوە، چوار ویستگەكەی دیكە بە سەرجەمیان 15 كورەی ئەتۆمیی كاركردوویان هەیە.

وێستگەی ئەتۆمی ڕیڤین، چوار كورە لەخۆدەگرێت كە سەرجەمیان لەكاردان. وێستگەی خمیلنیتسكی دوو وێستگەی هەیە و كاردەكەن و وێستگەی باشووری ئۆكرانیا سێ كورەی هەیە و سەرجەمیان كاردەكەن.

بابەتی پێشتر

لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی لە نرخی خۆراکدا تۆمارکراوە

بابەتی دواتر

کێ دەبێتە خاوەنی چێڵسی؟ هاندەران لە خەیاڵێک و ئەبرامۆڤیچ لە خەیاڵێک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share