بافڵ جەلال تاڵەبانی: کەموکورتی لە حوکمڕانی وایکردووە خەڵک بڵێن ڕاپەڕینمان نەکرد بۆئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بەبۆنەی یادی 31 ساڵەی ڕاپەڕینەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕاپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی و ستەم، هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفرازانە و شەرەفمەند.

لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “بەڵام بەداخەوە هەڵە و کەموکورتی لەنێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانیی هاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (ڕاپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت)”.

سەرەڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ـەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی باس لەوەدەکات، کە دەبێت نیگەرانییەکانی خەڵک وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار و ڕاچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان کە شانازی و سەروەرییەکانی ڕابردوومان نەکەینە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی، دەبێت ئامانجەکانی راپەڕین بەدیبهێنین و خەونەکانی لەبار نەبەین.

هۆشداریدەدات لەوەی بێباکی بەرامبەر داواکارییە ڕەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە هەرگیز هیوایان بۆ نەخواستووە.

لەگەڵئەوەی باس لەوەدەکات کە کەموکورتی هەبوون و داواکانی خەڵک ڕەوان بەڵام بەڵێندەدات کە یەکێتی خوێنی شەهیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، “ڕەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و هەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە ڕاپەڕینمان بۆ کرد”.

بابەتی پێشتر

دەنگ لەسەر دووبارە خۆپاڵاوتن دەدرێت<br> پەرلەمانتارێك: هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئاسان نییە و ئەستەمیش نییە

بابەتی دواتر

هیومەن ڕایتس وۆچ: ڕوسیا زانیاریی شێوێنراو لە قوتابخانەکانیدا سەبارەت بە ئۆکرانیا بڵاودەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی ماسی هەرزانبوو

بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی ماسی بە بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەرزانبووە. سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری…
Total
0
Share