دەنگ لەسەر دووبارە خۆپاڵاوتن دەدرێت
پەرلەمانتارێك: هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئاسان نییە و ئەستەمیش نییە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر دووبارە كردنەوە یان نەكردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدات، پەرلەمانتارێك پێیوایە خۆپاڵاوتن دووبارەدەكرێتەوە، بەڵام دەڵێت، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئاسان نییە و ئەستەمیش نییە.

بەپێی ئەو بەرنامەی كارەی هەفتەی ڕابردوو بڵاویكردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرسی دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بخاتە دەنگدانەوە.

ئەمەش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەو پرسەی لە دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران وەرگرتەوە و بە دەسەڵات و دەنگدانی ئەندامانی ئەنجومەنەكەی بەستەوە.

جەمال كۆچبەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجومەنە كە بە ئامادەبوونی 50+1 نیساب تەواو دەبێت.

وتیشی، “ئەگەر دەنگی 50+1ی ئامادەبووان لەگەڵ ئەوەدابن دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە، جارێكی دیكە دەكرێتەوە”.

جەمال كۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، دەنگدان بۆ ئەم پرسە وەك بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نییە، كە دەبێت نیسابی دوو لەسەر سێ هەبێت، بۆ جاری یەكەمیش كاندیدی پۆستەكە دوو لەسەر سێی دەنگەكان بهێنێت. ئەگەر ئەوە نەبووە لە جاری دووەمدا بە دەنگی 50 +1 كاندید بۆ پۆستەكە یەكلادەكرێتەوە.

باوەڕی خۆیشی نیشاندا بەوەی ئەو فراكسیۆنانەی ئێستا هاوپەیمانییەك لەنێوانیاندا هەیە، دەتوانن بڕیاردان لەسەر دووبارەكردنەوەی خۆپاڵاوتن تێپەڕێنن.

دەربارەی ئەوەی ئایا خۆپاڵاوتنەوە، دەنگدان بۆ پۆستەكە مانگێكی دیكە دوادەخات ئەو پەرلەمانتارە باوەڕی خۆی نیشاندا بەوەی پڕۆسەكە ماوەیەكی پێوانەیی پێنج تا شەش ڕۆژی پێویست بێت، بەهۆی ئەوەی “ئەوانەی بەنیازن خۆیان بپاڵێون خۆیان پاڵاوتووە، باوەڕناكەم كەسی دیكە هەبێت، ئەگەر هەشبن كەمدەبن”.

دووپاتیشیكردەوە، “هەڵبژاردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئاسان نییە، چونكە دادگای فیدراڵی مەرجێكی داناوە كە بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێ نیساب تەواو دەبێت، بەهۆی ئەوەش تائێستا ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەم بابەتە هەیە، ئاستەنگ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بڵێین ئاستەمە، ئاستەم-یش نییە”.

دوای ئەوەی نەتوانرا لە ماوە دەستووری و یاساییەكاندا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا سێ ڕۆژ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە بكاتەوە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان و پەرلەمانتارانی عێراق دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنیان بە نایاسایی ناوبرد، بۆیە باسم خەشان پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەیەوە سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد و دادگاش لە بەرژەوەندی سكاڵاكار بڕیاریدا.

بەپێی ماوە دەستوورییەكان، دەبوو تا ڕۆژی هەشتی مانگی شوباتی ڕابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرایە، بەڵام ئەو كارە نەكرا، بۆیە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەمان ڕۆژ بڕیاریدا بە دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

بابەتی پێشتر

دۆلار سەرەتای هەفتەی بە دابەزین دەستپێکرد

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: کەموکورتی لە حوکمڕانی وایکردووە خەڵک بڵێن ڕاپەڕینمان نەکرد بۆئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژێک پشوو لە عێراق راگەیەندرا

لەسەر بڕیاری محەمەد شیاع سودانی یەکشەممەی داهاتوو لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق کرایە پشووی رەسمی. بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی محەمەد شیاع…
زیاتر ببینە

بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕایدەگەیەنێت، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كاندیدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكردووە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە…
Total
0
Share