لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی هەرێم و ئاڵای كوردستان لەلایەن ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییەوە ناسێندرا

لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ISO وەک هەرێمێک لە عێراق بە فەرمیی هەرێمی کوردستانی ناساند و قوباد تاڵەبانی دەڵێت “ئەم ناساندنە هاوکارمان دەبێت بۆ بازرگانیی ئەلیکترۆنی”.

ئەمڕۆ 3ی ئازار ڕێکخراوی ISO هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێک لە عێراق ناساند و دوای ئەو ناساندنە، هەرێمی کوردستان کۆدی تایبەت بەخۆی دەبێت لە مامەڵە جیهانییەکاندا کە ڕێکخراوەکە کۆدی (IQ-KR)ی دیاریکردووە.

لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ئە‌م ناساندنە‌ی ھە‌رێمی کوردستان‌، جگە‌ لە‌وە‌ی ئاڵای کوردستان دە‌ناسێندرێت وە‌ک ھە‌رێمێک لە‌ (یونیکۆد Unicode Standard)، کارئاسانی دە‌کات بۆ بە‌ستنە‌وە‌ی دامودە‌زگاکانی ھە‌رێمی کوردستان بە‌ دامودە‌زگا نێودە‌وڵە‌تییە‌کان”.

وتیشی، “ئەم ناساندنە هاوکارمان دەبێت لە‌ مامە‌ڵە‌ ئە‌لیكترۆنییە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌كان و ھە‌نگاونانی زیاتر بەرەو حکومەتێکی ئەلەکترۆنی، هەروەها یارمەتیدەردەبێت لە پرۆسە‌ی بازرگانیی ئەلەکترۆنی و بەریدی نێودەوڵەتی (پۆستە‌) و گەشەکردنی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان، جێی دڵخۆشییە‌ كە‌ ئە‌و ناساندنە‌ ڕێگە‌خۆشکەر دە‌بێت بۆ دامەزراندنی ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان بە فەرمی”.

هەروەها سوپاسی ڕۆڵی ھە‌ردوو وە‌زارە‌تی پلاندانانی حكومە‌تی عێراق و حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستانی كرد كە‌ ھاوكاربوون لە‌م پرۆسە‌یە‌.

کۆدی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەخۆ دەگرێت و داوای زیادکردنی کۆدی پارێزگای هەڵەبجەش کراوە کە لە داهاتوویە‌كی نزیکدا زیاد دەکرێت.

ڕێکخراوی ئایسۆ (International Organization for Standardization ) ڕێکخراوێکی جیھانییە‌ تایبە‌تە‌ بە‌ دانانی پێوە‌رە‌کانی مۆڵە‌تە‌ بازرگانی و پیشە‌سازییە‌کان و کارە‌کانی پە‌یوە‌ست بە‌ تە‌کنە‌لۆجیا و دروستکردنی پە‌یوە‌ندی لە‌نێوان دامودە‌زگاکانی وڵاتانە،‌ تاوەکو‌ ئێستا زیاتر لە‌ 160 وڵات‌ لە‌لایە‌ن ئە‌‌م ڕێکخراوە‌وە ناسێندراون.

بابەتی پێشتر

لیژنەی کشتوکاڵ: قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەپەک زیانی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ دەگەیەنێت

بابەتی دواتر

ژمارەیەک پەرلەمانتار: حکومەت لە ماوەیەکی دیاریکراودا مووچەی تەواوی مووچەخۆران بدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share