گەڕی دووەمی گفتوگۆكانی مۆسكۆ و كیێڤ “ڕێڕەوی مرۆیی” لێكەوتەوە

هەردوو شاندی دانوستانكاری ڕوسیا و ئۆكرانیا ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بكەنەوە بۆ “دەربازبوونی هاوڵاتییانی مەدەنی و گەیاندنی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان بە هاوڵاتیان”، تەنانەت قسە لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە چەند ناوچەیەك كراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە گەڕی دووەمی دانوستانەكانی ڕوسیا و ئۆكرانیا لە بیلاڕوسیا بەرێوەچوو، دوای كۆبوونەوەكە، ڤلادیمێر میدینسكی سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ڕوسیا ڕایگەیاند، “لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ شاندی ئۆكرانی هاوڕابووین لەسەر ڕەچاوكردنی لایەنە مرۆییەكان لە ئۆكرانیا و جۆرێك لێكتێگەیشتن لەنێوانمان لەسەر چەند بابەتێك هەبووە”، كە یەكێكیان كردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بووە.

لای خۆیەوە میخائیل بۆدولیاك، ڕاوێژكاری سەرۆكی ئۆكرانیا ئاشكرایكرد، “ڕێككەوتووین لەسەر كردنەوەی دەروازەیەك و دەربازبوونی هاوڵاتییانی مەدەنی و گەیاندنی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان بە هاوڵاتیان و ڕاگرتنی شەڕ لە چەند ناوچەیەكی ئۆكرانیا”.

سەرەڕای ئەو پێشكەوتنە لە دانوستانەكان، بەڵام شاندی دانوستانكاری ئۆكرانی ئاماژەیان بەوەكرد “لە دانوستانەكان نەگەیشتونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی، بڕیارە بۆ جاری سێیەم كۆببینەوە”.

ڕێككەوتن لەسەر كردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ هاوڵاتییان و ئاوارەكان، هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئاوارەكانی ئۆكرانیا بۆ نزیكەی یەك ملیۆن كەس، كە زۆربەیان چوونەتە وڵاتانی دراوسێ.

بابەتی پێشتر

هەرێم كەمال ئاغا: دەرگای خۆپاڵاوتن سێبارە بكرێتەوە یان نا، كاندیدمان بۆ سەرۆك ‏كۆمار ناگۆڕێت

بابەتی دواتر

كەشناسیی هەرێم: ئێوارە خۆڵبارین كۆتایی دێت و سبەینێ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share