گروپێكی هاككەر دەڵێن دەستیان گەیاندووەتە ئاژانسی ئاسمانگەڕی ڕوسی و مۆسكۆش ڕەتیدەكاتەوە

ئاژانسی ئاسمانگەڕی ڕوسی ڕەتیدەكاتەوە

گروپێگی هاككەر دەڵێت، توانیویەتی ئاژانسی ئاسمانگەڕی ڕوسی پەكبخات، لەكاتێكدا پێشتر بەڕێوەبەری ئاژانسەكە وتی، هەر هێرشێك دەبێتە بیانوو بۆ هەڵایسانی جەنگ.

كۆمەڵەكە كە ناوی لەخۆیناوە “كەتیبەی 65” و سەر بە كۆمەڵەی هاككەری بەناوبانگ (ئەنۆنیومس)ە لە تویتێكدا ئاشكرایكرد، توانیویەتی دۆسیە نهێنییەكانی پەیوەندیدار بە مانگە دەستكردەكانی ئاژانسی ئاسمانگەڕی ڕوسی داببەزێنێت و بسڕێتەوە، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی تایبەتە بە وێنەگرتن و چاودێریی جوڵەی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەكان، واتە لەڕووی كردارییەوە مۆسكۆی لە كاری سیخوریی مانگە دەستكردەكانی لە جەنگی ئۆكرانیادا بێبەشكردووە.

ئەوەشی وت، ناوەستێت لە بە ئامانجگرتنی ڕوسیا لە بواری ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆجیادا ئەگەر شەڕی ئۆكرانیا ڕانەگرێت.

لە بەرامبەردا دیمیتری ڕۆگوزین، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسمانگەڕی ڕوسی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە و چەتەكانی ئینتەرنێتی بە “قۆڵبڕی بچوك” ناوبرد.

ئەوەشی وت، ناوەندەكانی كۆنتڕۆڵی سەر بە ئاژانسەكە بەشێوەیەكی سروشتی كاردەكەن.

پێشتر ئاژانسی ئەنتەرفاكس لە زاری ڕۆگوزین ڕایگەیاند، “دەمەوێت ئەو كەسانە ئاگاداربكەمەوە كە هەوڵدەدەن سیستمی مانگە دەستكردەكانمان هاكبكەن، پێیاندەڵێم ئەم كارە تاوانە و سزاكەی زۆر توند دەبێت، چونكە تێكدانی ئامێرە ئاسمانییەكانی هەر وڵاتێك و لەكارخستانی casus belliـە، واتە هۆكارە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ”.

دەستەواژەی “casus belli” بە واتای “پاساو بۆ جەنگ” دێت و بە هەر هێرش یان تاوانێك دەوترێت كە ببێتەهۆی ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن وڵاتێكەوە.

بابەتی پێشتر

ئه‌مریكا له‌باره‌ى هه‌ڵواسینى وێنه‌ى پوتین هۆشداریی به‌ به‌غداد ده‌دات

بابەتی دواتر

لاڤرۆڤ هێورتر قسە لەبارەی ئەتۆمەوە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share