نەتەوە یەكگرتووەكان: ئاوارەبووانی ئۆكرانیا گەیشتە یەك ملیۆن

بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، ژمارەی ئەو ئۆكرانییانەی بەهۆی شەڕی ڕوسیا بۆسەر وڵاتەكەیان ئاوارەبوون یەك ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.

فیلیپۆ گراندی، كۆمسیاری باڵای كاروباری پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە تویتێكدا ڕایگەیاند، لەماوەی تەنها حەوت ڕۆژدا یەك ملیۆن هاوڵاتیی ئۆكرانی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون.

وتیشی، “سەبارەت بە ملیۆنانی دیكەی ناو ئۆكرانیا، كاتی ئەوە هاتووە تۆپهاوێژەكان بێدەنگبن تا بتوانرێت هاوكارییە مرۆییەكان بگەیەندرێت و گیانی كەسانێك ڕزگاربكرێن”.

گراندی ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕوو لە ڕۆمانیا، مۆلداڤیا و پۆڵەندا بكرێت، ئەو سێ وڵاتەی لەسەر خاكەكەیان پێشوازییان لە زۆرترین ژمارەی ئاوارەبووانی ئۆكرانی كردووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە دوێنێ كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێكی ناپابەندی پەسەندكرد تیایدا داوا لە ڕوسیا دەكات “بەپەلە بەكارهێنانی هێز دژی ئۆكرانیا بوەستێنێت”.

لەسەر ئاستی مەیدانی پێنجشەممەی ڕابردوو شەڕ و هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكرد و تائێستا بەردەوامە، خیرسۆن گەورە شاری باشووری وڵاتەكە كەوتووەتە دەست هێزەكانی ڕوسیا، وەك ئەوەی دوێنێ بەرپرسانی ئۆكرانی ئاشكرایانكرد.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت 117 دۆلاری تێپەڕاند

بابەتی دواتر

پوتین هاوپه‌یمانێكى دێرینى ئه‌وروپی له‌ده‌ستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share