بەڵگەی نوێ لەسەر بنەڕەتی کۆرۆنا.. بەمجۆرە سەرەتا لە ووهانەوە سەریهەڵداوە

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، تائێستا بابەتی بنەڕەتی ڤایرۆسەکە پرسێکی گرنگە و زانایان بە توێژینەوەکانیان بەوەوە سەقاڵن.

دوو توێژینەوەی نوێ لەوبارەیەوە بەڵگەی نوێ دەخەنەڕوو و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ڤایرۆسەکە لە کۆتایی ساڵی 2019دا لە ئاژەڵەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ، لە بازاڕی هوانان بۆ خواردنە دەریاییەکان لە ووهانی چین.

تویژینەوەکە یەکەم شوێنی دەرکەوتن و سەرهەڵدانی حاڵەتی کۆرۆنای بەکارهێناوە و لێکۆڵینەوەی لێکردووە، بەوپێیە یەکەم حاڵەت لە کانوونی دووەمی 2019دا لە ناوچەیەکی نزیک لە بازاڕی هوانانی ووهانی چین تۆمارکراوە.

بەپێی تۆڕی CNN کە توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە، نمونەی خاک و ئاو و هەوای ئەو شوێنە کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە لێی وەرگیراون، دەریدەخەن ژینگەی ئەو شوێنە پیسبووە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی توێژینەوەی دووەم، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە دوو قۆناغ بووە، لە قۆناغی یەکەمدا ڤایرۆسەکە لەنێوان کۆمەڵێک لە ئاژەڵی دیاریکراودا بڵاوبووەتەوە، لە قۆناغی دووەمدا ڤایرۆسەکە گواستراوەتەوە بۆ ئاژەڵێکی میوان و دەکرێت ئاژەڵی دووەم گواستبێتییەوە بۆ مرۆڤ.

مایکڵ وۆربی پسپۆڕ لە زانستی ژینگە و زانستی زیندەیی پێگەیشتوو لە زانکۆی ئاریزۆنا، کە سەرپەرشتیاری توێژینەوەی یەکەم و بەشداری سەرەکیی توێژینەوەی دووەمە دەڵێت، چونێتیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتاوە وەک یارییەکی ئاگرینە کە بازاڕ ناوەندەکەی بووە، بەڵام تەقینەوە گەورەکە لە ساڵی 2020دا ڕوویداوە و لە کانوونی دووەم و شوباتی 2020دا بەتەواوی بڵاوبووەوە.

توێژەرانی ئەو توێژینەوەیە بەتەواوی ئەوە بەدوور دەزانن کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکی ڤایرۆسناسیی ووهانەوە بووبێت، کە گریمانەکە لەلایەن هەندێک لە زانایانەوە برەوی پێدراوە، ئەو پسپۆڕە دەڵێت، هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا نییە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە.

توێژینەوەکە ئاشكرایكردووە، ڤایرۆسەکە بە ئەگەری زۆر سەرەتا لانیکەم لەنێوان دوو جۆر ئاژەڵدا بڵاوبووەتەوە، یەکێک لە ئاژەڵە شیردەرەکان ناوەندی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بووە بۆ مرۆڤ.

پێشتر پسپۆڕان و زانایانی نێردراوی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەردانی ووهانی چینیان کردووە بە هاوکاریی لەگەڵ چین بۆ زانینی بنەڕەتی کۆرۆنا.

لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشیاندا لە ئازاری 2021دا باسیان لەوە کرد، ئەو سیناریۆیەی زۆرترین ئەگەری ڕاست و دروستیی بنەڕەتی کۆرۆنای هەیە ئەوەیە، ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ لەڕێگەی ئاژەڵێکی میوانەوە (ناوەندی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە)، هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ئەگەری دزەکردنی ڤایرۆسەکە لە تاقیگە زانستییەکانی ووهانەوە تاڕادەیەکی زۆر دوورە لە ڕاستییەوە.

بابەتی پێشتر

داوا لە سەرۆك كۆمار دەكرێت لێكۆڵینەوە لە بڕوانامەی خوێندنی كازمی بكرێت

بابەتی دواتر

نەخۆشخانەی شار هەڕەشەی داخستنی لەسەرە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی: بەشە نوێیەکەی نەخۆشخانەی منداڵبوون لە هەرێمدا هاوشێوەی نییە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاشکرایکرد، بە هاوکاریی کونسوڵخانەی چیک بەشێکی نوێیان لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی کردووەتەوە، لەڕووی پێشکەوتووییەوە…
Total
0
Share