بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى: دەستمان بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازییکردن کردووە و تەواوی دامەزراوەکانی حزب نوێدەکەینەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، یەکێتی سەرباری ڕاپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی لە ناوخۆی حزبیش دەستیان بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازییکردن کردووە و بە بەرنامەیەکی گشتگیری ھەمەلایەنە تەواوی دامەزراوەکانی حزب نوێدەکەینەوە و بە دونیا بینییەکی فراوانترەوە ئەرکەکان ڕادەپەڕێنن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامان و ڕاوێژکاران جەختیکردەوە لە نوێکردنەوە و کاراکردنەوەی تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتی، ڕایگەیاند، یەکێتی سەرباری ڕاپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی لە ناوخۆی حزبیش دەستمان بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن کردووە و بە بەرنامەیەکی گشتگیری ھەمەلایەنە تەواوی دامەزراوەکانی حزب نوێدەکەینەوە و بە دونیا بینییەکی فراوانترەوە ئەرکەکان رادەپەڕێنین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای ئەوەی رۆشنایی خستەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێگەی یەکێتی لەو ڕووەوە خستەڕوو، ڕایگەیاند یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە و دەمانەوێت بە سیاسیەتێکی نیشتمانیی کوردستانیی لەبەرامبەر ناوەنددا بوەستینەوە و زۆر ھەوڵیشماندا یەکڕیزی بپارێزین بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا کە بۆ ئەوەش بێ ئومێد نەبووین.

لەبارەی ئەرکی رێکخراوەیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونیدایە ئامادەبووان و وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ھەڤاڵانی یەکێتی کە دڵسۆزانە خزمەت دەکەن و لە ئەرکدان، بەرچاوڕوونیکردن لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کە گەڕانەوەیە بۆ ستراتیژی سەرۆک مام جەلال، ئەرک و بەرپرسیارێتی و ھەڤاڵێتی لەم ھەلومەرجەدا دەستنیشانکرد و ڕایسپاردن کە کادران و ئەندامانی یەکێتی کە ھێزی لەبن نەھاتوون، وەک ھەمیشە خزمەتکاربن و بە گڕوتینێکی نوێوە خزمەت بکەن و دامەزراوەکانی یەکێتی بکەنە ماڵی ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک و پردی پەیوەندی بن بۆ گەیاندنی دەنگیان و خزمەتکردنیان، چونکە خزمەتکردن و بەدەنگەوەھاتنی خەڵک ئەرکە نەک منەت.

سەبارەت بە ئەرکی مەکتەبی ڕێکخستن، مەڵبەند و کۆمیتەکانیش بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیکردەوە لە گرنگی ڕۆڵیان لە ژیانی حزبیدا و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ڕێکخستن بنچینە و پایەیەکی بەھێزی کاری ڕێکخراوەییە بۆیە پێویستە مەڵبەند و ئۆرگانەکانمان لە جاران زیاتر لە ئەرکدا بن و بە شێوازێکی سەردەمیانەتر درێژە بەکاروبارەکانیان بدەن و لە خزمەت خەڵکدا بن، ئەگەر لە چەند ساڵی ڕابردوو دابڕانێک ھەبووبێت لەنێوان مەڵبەند و کۆمیتە و ھاووڵاتیدا نابێت بمێنێت و ھەڤاڵی یەکێتی پێویستە لەناو چین و توێژەکان بن و بەشێک بن لە خەڵک، لەو ڕووەشەوە ھانیدان بۆ گۆڕانکاری و بەردەوامییان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان کە خزمەتکردنی خەڵکە.

بۆ دیداری یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند یەکێتی یەکێتیی ھەموولایەکە، دەمانەوێت لە ڕێگای ئەم دیدارەوە خۆمان ڕێکبخەینەوە و ھەنگاوبنێین بەرەوپێشبردنی یەکێتییەکەی مام کە ئەمە بەرپرسیارێتی ھەموو یەکێتییەکانە پێکەوە، ئەم ئەرکە گرنگ و چارەنووسسازەش رادەپەڕێنین و رۆحی شەھیدانیش ئاسوودە دەکەین.

لە بەرامبەردا سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن راپۆرتێکی وردی لە بارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان لەم قۆناغەدا پێشکەشکرد و بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونکرد لە ھەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و نوێکردنەوەی ئۆرگانەکان.

بابەتی پێشتر

گروپێکی یەهودی بە تاڵیبانی یەهودییەکان ناسراون

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ڤلاهۆڤیچ یوڤانتۆسی به‌ره‌و بردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ برد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە
3

قوباد تاڵەبانی: پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە

لەمیانەی پێشوازیكردنیدا لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانان قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت،پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان. قوباد…
Total
0
Share