نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی مرۆیی لەبەردەرگای ئۆکرانیایە .. تائێستا 100 هەزار کەس ئاوارەبوون

نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی هەیە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بەبڕی دوو ملیار دۆلار و داوا دەکات لە ماوە سێ مانگدا ئەو بڕە هاوکارییە بگەیەنرێتە ئەو وڵاتە لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی کە چووتە بەردەرگای ئۆکرانیا، ئاشکراشیکردووە تائێستا 100 هەزار هاوڵاتیی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون.

مارتن گریفیس ڕێکخەری هاریکاریی دۆخە لەناکاوەکان لەنەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، “بەتەواوی نیگەرانین لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل”.

وتیشی، دۆخەکە بێسەروبەرەییە و ناکرێت بەدیاریکراوی بتوانین چەند کەس ئاوارەبوون، بەڵام ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەدەکەن تائێستا 100 هەزار کەس بەهۆی هێرشی ڕوسیاوە ئاوارە بوون.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، “پێشبینی دەکەین 1.8 ملیۆن کەسی دیکە بەوهۆیەوە ئاوارە ببن.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەرلە دەستپێکردنی شەڕ نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی پێشکەش بە سێ ملیۆن کەس کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

گریفیس ئاگاداری وڵاتان دەکاتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا هاوکاری کۆدەکاتەوە لە جنێڤ بەمەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی ئۆکرانیا.

نەتەوە یەکگرتووەکان هیواخوازە بەشێکی گەورەی ئەو هاوکارییانە بەشێوەی پارەی کاش بن، تاوەکو دواتر بەئاسانی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بگەیەنرێتە ئەوانەی پێویستیانە لە ئۆکرانیا.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، فلیپۆ گراندی ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران داوای لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا کرد سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەکراوەیی بهێڵنەوە بەڕووی هاوڵاتییانی ئۆکرانیا و بەڵێنی هاوکاریی بەوانە دا کە پێویستیان بەهاوکاری دەبێت و وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

وڵاتانی ئەوروپای نزیک لە ئۆکرانیا وەک پۆڵەندا، هەستاون بە کردنەوەی ناوەندی پێشوازیکردن لە ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی وڵاتەکەیانەوە لە ئۆکرانیا ئاوارە دەبن و پێشکەشکردنی پێداویستیی خۆراکی، پزیشکی و شوێنی مانەوە بۆیان.

هەروەها گریفیس هۆشداریدا بەردەوامی و چڕبوونەوەی شەڕ و ناکۆکییەکان کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر گەیاندنی هاوکارییەکان لە دەرەوەی ئۆکرانیاوە بۆ ئەو وڵاتە.

دەیڤد بیسلی لیگریفیس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکیی جیهانی ڕایگەیاند، ئۆکرانیا نزیکەی 50%ی گەنمی جیهان بەرهەمدەهێنێت لەسەرتاسەری جیهاندا.

بابەتی پێشتر

ئەنجێلا مێركل دزیی لێكرا

بابەتی دواتر

بەرپرسی شانۆی نیشتمانیی ڕوسیا دەستی لەکارکێشایەوە.. "مووچە لە بكوژ وەرناگرم"‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share