سێ هەڵەی باو کە ڕێگرن لە دابەزاندنی کێشی جەستەت

دابەزاندنی کێشی زیادە کارێکی تەواو ماندووکەرە و کاتێکی یەکجار زۆریشی دەوێت، ئەگەر کەسەکە کۆڵنەدەر نەبێت و بە توندی پێداگری نەکات، ڕەنگە زوو بێهیوا ببێت و چیدی بەردەوام نەبێت.

پێگەی (shefinds) بڵاویکردەوە، پسپۆڕانی تەندرووستی پێیانوایە کە چەند هەڵەیەکی باو هەن ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دەیانەوێت لە هۆڵەکانی وەرزش کێشی لەشیان دابەزێنن، چونکە گرنگی بە لایەنێک دەدەن و لایەنەکانی دیکە فەرامۆشدەکەن.

هەڵە هەرە باوەکان ئەمانەی خوارەوەن:

پشتگوێخستنی ژەمەکان: یەکێک لەو هەڵانەی ئەوانەی کێشیان زۆرە تێیدەکەون، پشتگوێخستنی  ژەمە ڕۆژانەکانیان و فەرامۆشکردنی نانخواردنە، لەپێناو لابردنی کێشی زیادەدا، جەستەی مرۆڤ پێویستی بە ماددە خۆراکییە گرنگەکانی وەک ڤیتامین، پڕۆتین و ئاسن هەیە، ئەگەر ئەم ماددانە کەم بن ئەوا کێشت بە شێوەیەکی تەندرووستانە دانابەزێت.

بۆیە پەڕاندنی ژەمەکان، بۆ نمونە ژەمی بەیانیان، ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی کێش بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام دواتر کەسەکە دەستدەکاتەوە بە خواردن و تۆڵەی ئەو ژەمانە دەکاتەوە کە خۆی لێ بێبەش کردوون، بۆیە پشپۆڕانی تەندرووستی پێیانباشە کە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی خواردن بە جۆرێک بێت پلە بە پلە بێت و لەگەڵ شێوازی ژیانتدا بگونجێت.

زیادەڕەویکردن لە ژماردن و کەمکردنەوەی کالۆریدا: ژماردنی کالۆری گرنگە بۆ زانینی ئەوەی چەندێک خۆراک بەکاردەبەیت و یارمەتیدەریشە بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام زۆرێک لە خەڵک زیادەڕەویی تێدادەکەن، بە جۆرێک کە کەمکردنەوەی زۆری کالۆرییەکان پڕۆسەی هەرسکردن خاو دەکاتەوە و جەستەت دەخاتە حاڵەتی برسێتییەوە، بەبێ تواندنەوەی چەوری.

کۆڵدان و وازهێنان بەهۆی خاوبوونەوەی دابەزینی کێشتەوە: دابەزاندنی کێش پرۆسەیەکی دوورودرێژە و ڕەنگە زۆربەی کەس بە زوویی واز لە وەرزشکردن بهێنن، ئەگەر گۆڕانێکی ئاشکرا لە جەستەیاندا بەدینەکەن.

بەپێی پسپۆڕانی ئەو بوارە، چارەسەری ئەمەش بەردەوامبوون و کۆڵەنەدانە، هاوکاتیش دیاریکردنی ئامانجێکی واقیعییانەیە کە بتوانیت پێیبگەیت، وەک ئەوەی هەوڵ بدەیت هەفتەی یەک کیلۆگرام لە کێشت دابەزێنیت.

بابەتی پێشتر

بەهۆی دووری کەرتی وزە لە لیستی سزاکانی سەر ڕوسیا، نەوت دابەزی

بابەتی دواتر

پوتین داوا لە سوپای ئۆکرانیا دەکات دەسەڵات بگرنەدەست

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share