سەرۆكی ئۆكرانیا داوای دانوستاندن لە سەرۆكی ڕوسیا دەكات و پوتین دەڵێت، ئامادەم

ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا، داوای لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا كرد دانوستاندنی لەگەڵدا بكات، ئەویش دەڵێت “ئامادەم”.

ئەمڕۆ هەینی لە وتارێكی ڤیدیۆییدا و بە زمانی ڕوسی، ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا پەیامێكی ئاراستەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا كرد و داوای دانوستاندنی لێكرد.

زیلینسكی وتی، “با لەسەر مێزی دانوستاندن دابنیشین لەپێناو ڕاگرتنی مردنی خەڵكدا”.

لە بەرامبەر ئەو داوایەدا و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شی جین بینگ سەرۆكی چین، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، “ئامادەم لەسەر ئاستی باڵا دانوستاندن لەگەڵ ئۆكرانیادا بكەم”، وەك ئاماژەیەك بۆ دانوستان و كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی هەردوو سەرۆك.

هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی لۆگانسك و جێگری وەزیری دەرەوەی دۆنیتسك سەردانی مۆسكۆیان كرد و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیادا كۆبوونەوە.

لاڤرۆڤ لە كۆبوونەوەكەدا وتوویەتی، “خۆرئاوا چاوپۆشی لە كۆمەڵكوژییەكانی ئۆكرانیا كردووە و پشتیوانیی ئەو وڵاتەی كردووە لە هەوڵەكانیدا بۆ لەناوبردنی ڕێككەوتننامەكان”.

مەبەست لە وتەكەی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ئەو توندوتیژییانەن كە پێشتر لە ئۆكرانیا ڕوویانداوە و ڕوسیا ئەو وڵاتە تۆمەتباردەكات بە سەركوتكردنی ئەو ئۆكرانییانەی بە ڕەچەڵەك ڕوسن و كەوتوونەتە سنووری ئۆكرانیاوە.

لاڤرۆڤ لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، “ئۆكرانیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بڕیاری كۆتایی دابوو بۆ داگیركردنی هەردوو كۆماری لۆگانسك و دۆنیتسك، لەوەشدا ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا چاوپۆشییان لێدەكرد”.

بەپێی وتەی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بێت، هێرشەكەی وڵاتەكەی بۆسەر ئۆكرانیا “لەپێناو ڕزگاركردنی خەڵكی ئەو وڵاتە و كۆتاییهێنان بە نازییەتە”.

لە كاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا، دیمیترۆ كۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا وتبووی، “ڕوسیا ترسناكانە كیێڤ مووشەكباران دەكات و دوایین جار كە پایتەختەكەمان شتێكی لەم جۆرەی بەخۆیەوە بینی، ساڵی 1941 بوو كاتێك ئەڵمانیای نازی هێرشیكردەسەری”.

وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا ڕاشیگەیاندبوو، “ئۆكرانیا ئەو ئەهریمەنەی تێكشكاند، ئەم ئەهریمەنەش تێكدەشكێنێت”، وەك لێكچوواندنی ئەڵمانیای نازیی سەردەمی هیتلەر و ڕوسیای ئێستا بە یەكتر.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. كەسێك لەسەر پردی كۆبانێ كەوتەخوارەوە و بە سەختی برینداربوو

بابەتی دواتر

کتێبێک ژنانی کورد بە خۆرئاوا دەناسێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share