دوای ڕاگەیاندنی سزا بەسەر ڕوسیا لەلایەن ژمارەیەک لە وڵاتانەوە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیا و چوونی هێزەکانی روسیا بۆ هەردوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسک لە هەرێمی دۆنباس، ڤلادیمێر پوتین ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دانوستان بەڵام سووریشبوو لەسەر ئەوەی بەرژەوەندی و ئاسایشی ڕوسیا “بۆ دانوستان نین”.
لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا بەبۆنەی ڕۆژی “پارێزگاریی لە نیشتمان” ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند، “تائێستا وڵاتەکەمان ئامادەیە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاو لەپێناو چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکان، بەڵام بەرژەوەندیی هاوڵاتییانمان و ئاسایشیان لای ئێمە بۆ دانوستان نین”.
ئەو لێدوانەی پوتین لەدوای دانپێدانانی پوتین بە دوو ناوچەی جیابووەوەی ئۆکرانیا و ناردنی هێزێک بۆ لۆگانسک و دۆنیتسک بەناوی هێزی پاراستنی ئاشتی دێت.
هەنگاوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ڕوسیا ژمارەیەک سزایان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیاوە بەدوای خۆیاندا هێنا.
هەروەها یەکێتیی ئەوروپا و واشنتن بەڵێنی دوورخستنەوەی ڕوسیایاندا لە سیستمی بانکی نێودەوڵەتی ئەگەر دەستهەڵنەگرێت لە هەنگاوەکانی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.