کۆشکی کریملن ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین داندەنێت بەسەربەخۆیی هەردوو ناوچەی دۆنیتسك و لۆگانسك لە هەرێمی دۆنباس کە لە ئۆکرانیا جیابوونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆشکی کریملن ئاشکرایکرد، “ڤلادیمێر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجامداوە، پێێراگەیاندوون کە لەداهاتوویەکی نزیکدا مەرسوومی تایبەت بە دانپێدانانی ئەو دوو ناوچەیە واژوودەکات”.
ئەمڕۆ دینیس پوشلین سەرۆك كۆماری دۆنیتسك و بیۆنید پاشیچنیك سەرۆك كۆماری لۆگانسك كە هەردوو وڵاتەکە ساڵی 2014 لە ئۆكرانیا جیابوونەتەوە و هیچ وڵاتێك تا ئێستا دانی پێدانەناون، لە دوو پەیامی ڤیدیۆییدا داوایان لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا كرد دان بەو دوو وڵاتەدا بنێت و لە كاروباری بەرگری و سەربازیدا زیاتر هاوئاهەنگبن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پوتین لەگەڵ هەردوو ئەنجومەنی دۆما و ئاسایشی ڕوسیادا لەبارەی ئەو دوو داوایەوە كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، هەر ئەمڕۆ لەبارەی داننان بە سەربەخۆیی هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك-ـەوە بڕیاردەدات.
هاوكاتی لێدوانەكەی پوتین، سەرۆكی حكومەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری دانپێدانان بە هەردوو كۆمارەكەدا دەكەن، ئەوەش وا لێكدەدرێتەوە كە پوتین بڕیاربدات و دانپێدانانی ڕوسیا بەو دوو وڵاتەی لە ئۆكرانیا جیابوونەتەوە ڕابگەیەنێت.