سەرۆكی سێ كۆمەڵە و ڕێكخراو بەهۆی گەندەڵییەوە دەستگیركران

دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرایكرد، تەنها لە پارێزگایەكدا گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتن لە سەدان دۆنم زەویی میریدا كراوە و بە پارە فرۆشراون بە هاوڵاتییان، 14 كەس لە دۆسیەكەدا دەستگیركراون كە سیانیان سەرۆكی كۆمەڵە و ڕێكخراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاكیی عێراق كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردووەتەوە، لە پارێزگای نەینەوا سەدان دۆنم زەویی حكومەت دەستیان بەسەرداگیراوە.

ڕوونیكردووەتەوە، چەند كەسێك كە سیانیان سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە كرێنشینان و دروستكردنی خانوو بۆ كەمدەرامەتانن، دەستیانگرتووە بەسەر 600 دۆنم زەویی حكومی و كشتوكاڵیدا و پارچەیان كردوون و بەشێوەی زەویی نیشتەجێبوون فرۆشتوویانن بە هاوڵاتییان.

دەستەی دەستپاكیی عێراق دەڵێت، “كۆمەڵەی دیار بۆ نیشتەجێكردنی خانەنشینان و كەمدەرامەتان” 233 دۆنم زەویی حكومەتیان داگیركردووە و دابەشیانكردووە بۆ 1200 پارچە زەوی بەمەبەستی فرۆشتنیان بە هاوڵاتییان.

بەهۆی ئەو دۆسیەیەوە، سەرۆكی كۆمەڵەكە و چوار ئەندامی دەستگیركراون و دەستیشگیراوە بەسەر بڕێك پارەدا كە لە فرۆشتنی زەویدا بەدەستیانهێناوە، وەك ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت.

هەر لە نەینەوا، سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتەجێكردنی كارمەندانی كۆمپانیای گشتیی كیندی و شەش كارمەندی كۆمەڵەكە دەستگیركراون، تۆمەتەكەیان وەك دەستەی دەستپاكی ئاشكرایكردووە، دەستبەسەرداگرتنی 144 دۆنم زەویی كشتوكاڵی بووە بەمەبەستی پارچەكردن و فرۆشتنەوەیان بە هاوڵاتییان.

كۆمەڵەیەكی دیكە كە كار لە بواری كرێنشینان و نیشتەجێكردندا دەكات، 230 دۆنم زەویی كشتوكاڵی داگیركردووە و پارچە پارچەیان كردوون بۆ فرۆشتنەوەیان بە هاوڵاتییان، بەو هۆیەوە سەرۆكی كۆمەڵەكە و كارمەندێكی دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵ سەرجەم تۆمەتباراندا دەكرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوایین زانیاری لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی هەرێم لەگەڵ بەغداد بڵاوكرایەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی وەزیران نووسراوێكی ئاراستەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد كردووە داوای بۆچوونی نوێنەرایەتییەكەی…
Total
0
Share