كۆمسیۆن كۆتاییهاتنی دۆسیەی تانەكان و ژماردنەوەی دەستیی ڕاگەیاند

ئەنجامەكان چونیەك بوون

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دۆسیەی ئەو تانانەی لەسەر ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن و جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستیی وێستگە تانەلێدراوەكان كۆتایی هاتووە، ئەنجامەكان نەگۆڕاون.

كۆمسیۆن لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ژمارەی تانەكان هەزار و 436 بوون، كە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی، (موسڵ، سەڵاحەدین، میسان، دیالە، بەغداد، هەولێر، كەركوك، كەربەلا، موسەننا، قادسە، ئەنبار، زیقار، بەسرە و نەجەف).

دوای تانەكان، كۆمسیۆن دەستیكرد بە وردبینیی وێستگەكان و ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی ئەو وێستگانەی بەڵگەیان لەسەر بووە و ژمارەیان 87 تانە بوون، بەمەش كۆی ئەو وێستگانەی سەرلەنوێ جیاكردنەوە و ژماردنەوەیان بۆ كراوە چوار هەزار و 324 وێستگە بوون، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، وردبینی بۆ سەرجەم كارتەكانی دەنگدانی وێستگەكان كرا و دەركەوت ئەنجامەكان چونیەكن، تەنها كارتە پوچەڵەكان نەبێت، كە لیژنەكانی كۆمسیۆن لەڕێی وردبینی بە چاو بۆی دەركەوت ژمارەیەكی زۆر كەمیان كارتی دروستن، ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان گیرایەبەر بەپێی ڕێوشوێن و ڕێنوێنییەكان.

دوای پرۆسەی ژماردەنەوەكە، ئەنجامەكان لەلایەن لیژنەكانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی كۆمسیاران و ئەویش لای خۆیەوە بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی بەرزكردەوە، بەمەبەستی دەربڕینی ڕای خۆی.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەشڵێت، تەواوی وردەكارییەكان لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو، دواتریش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت.

بابەتی پێشتر

پزیشکێک گەورەترین کێشەی بەرشلۆنە بۆ چاڤی چارەسەردەکات

بابەتی دواتر

هەستانەوەی ئارسیناڵ لە پریمەرلیگ و گەڕانەوەیان بۆ نێو گەورەکان چۆن ڕوویدا؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share