بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى: ژنان زیاتر دەھێنرێنە پێشەوە و ڕۆڵیان لە سەرکردایەتیکردندا دەبێت

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى له‌میانه‌ى پێشوازیكردنى له‌ وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا لە فەرەنسا ڕایگه‌یاند، ژنان زیاتر دەھێنرێنە پێشەوە و ڕۆڵیان لە سەرکردایەتیکردندا دەبێت، ده‌شڵێت، مەبەستیانە ڕیفۆرم بکەن لە خوێندنی باڵا و کەشێکی گونجاوتر بۆ خوێندکاران بڕەخسێنن تا ھاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای دەرەوە خۆیان نوێبکەنەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئه‌مڕۆ لە دەباشان پێشوازیکرد لە خاتوو نەجات بیلکاسم، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا لە فەرەنسا.

لە دیدارێکدا ئەمین بابە شێخ و پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د.یوسف گۆران، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی ھەرێم ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆسەی خوێندنی باڵا، ئاستی زانکۆکانی ھەرێم، پێشخستنیان، ریفۆرم لە پرۆگرام و چاکسازی لە قۆناغەکانی خوێندن و چۆنێتی فەراھەمکردنی ژینگەی لەبار بۆ خوێندکاران و گرنگی بە توانا زانستییەکانیان بدرێت.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خوێندکاران و گرنگیدان بە توانای گەنجان لەناو یەکێتی و دەستگیرۆییان و ڕاگرتنی ھاوسەنگی جێندەری لە سەرکردایەتیی یەکێتی و توانا و ھێزی ژنان لە سەرکردایەتیکردن، بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر کۆی تەوەرەکان ھەڵوەستەی کرد و ڕوونیکردەوە زانکۆکانی ھەرێم لەجێی متمانەن و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق لە یەکەمەکاندان، کە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە و ھانمان دەدات پەرۆشی پێشخستنی زیاتری ئاستی زانستییان بین و ھەوڵبدەین پرۆگرامی خوێندن بە شێوەیەک بێت خوێندکار و گەنجی نموونەیی و بەکار و ڕاھێنراو لە بوارە جیاجیاکاندا بەرھەمبھێنێت، لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا و بۆ پێویستی ئەمڕۆ ئامادەیان بکەین.

لەوڕووەوە ووتیشی مەبەستمانە ڕیفۆرم بکەین لە خوێندنی باڵا و کەشێکی گونجاوتر بۆ خوێندکاران بڕەخسێنین تا ھاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای دەرەوە خۆیان نوێبکەنەوە و بەشێوەیەک ئاستی زانستییان گرنگی پێبدرێت تا زانکۆکانمان ڕۆڵی گرنگی و زیاتر بگێڕن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ھەرێم.

ھەر لەدیدارەکەدا لەسەر ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی ئۆرگانەکانی یەکێتی و ھێنانەپێشەوەی گەنج و ژن و سەرکردایەتیکردنیان لەناو کاری ڕێکخراوەیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونیدا و جەختیکردەوە گەنج و لاوان شادەماری بەردەوامی ژیانی حزبیی یەکێتی دەبن و تواناکانیان دەخرێتە خزمەت گەشەپێدانی کاری ڕێکخراوەیی، لەو نێوەندەشدا ژنان زیاتر دەھێنرێنە پێشەوە و ڕۆڵیان لە سەرکردایەتیکردندا دەبێت و یەکێتی باوەڕی تەواویشی بە ھاوسەنگی جێندەری ھەیە و پارێزگاریکردن لە مافەکانیشیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین.

هه‌ر به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، چۆنێتی دروستکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی ھەرێم، کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و زانکۆکانی دونیای دەرەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و چەند میکانیزمێک خرایە بەرباس.

بابەتی پێشتر

به‌راورد به‌كردنه‌وه‌ى بازاڕ دۆلار 500 دینار دابه‌زی

بابەتی دواتر

سلێمانی.. لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس بونە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share