زیندانییانى بادینان له‌ زیندانه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ى ڕای گشتى ده‌كه‌ن

لە ساڵیادی دەستگیرکردنیاندا، زیندانییانی بادینان په‌یامێك ئاراسته‌ى ڕای گشتى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، کۆی پرۆسەی دەستگیرکردن و شێوازی لێکۆڵینەوە و هەڵسوکەوت و دادگاییکردنیان دەرخەری نادادییەکی قووڵ و غەدرێکی مێژوویی و بێ ویژدانییەکی لەڕادەبەدەربوون .

له‌ په‌یامه‌كه‌یاندا زیندانییانى بادینان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه ‌كردووه‌، “ئەو نادادییە دژ بە ڕەچاوکردنی سادەترین بڕگەکانی یاسایی و بەندەکانی دەستووری عێراق و بگرە دژ بە 13 ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوو و لە سایەی ئەو حوکمڕانییە عەسکەرتارییەتەشدا دەیان مافی سەرەتاییمان لێزەوتکران، لەوانە مافی ئازادی بیروڕا، مافی گردبوونەوەی مەدەنی بگرە تا جیاکاریی بیری سیاسی و قەدەغەی بینینی پارێزەرەکانمان و جۆرەها شێوە توندوتیژیی بەرامبەرمانکرا، وەک ئەشکەنجە و هەڕەشە و سەرتاشین و ژووری تاکەکەسی، و بڕیاری تاوانبارکردنی پێشوەختەی ئێمە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و بێبەشکردنمان لە چەندین مافی سەرەتایی و پێشێلکاریی دژمان”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:-

یادی نادادی

پەیامێک لە زیندانیانی بادینانەوە بۆ ڕای گشتی

لە ساڵیادی دەستگیرکردنی زیندانیانی بادیناندا

کۆی پرۆسەی (دەستگیرکردن و شێوازی لێکۆڵینەوە و هەڵسوکەوت و دادگاییکردنمان) لەلایەن دەزگا ئەمنی و حکومی و دادوەرییەکانی هەولێر، دەرخەری نادادییەکی قووڵ و غەدرێکی مێژوویی و بێ ویژدانییەکی لەڕادەبەدەربوون .

تەنانەت ئەو نادادییە دژبە ڕەچاوکردنی سادەترین بڕگەکانی یاسایی و بەندەکانی دەستوری عێراق و بگرە دژبە (١٣) ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون

ئەوانیش هەریەک لە ماددەکانی (١،٢،٣،٥،٧،١٠،١١،١٢،١٥،١٨،١٩،٢١،٢٧) بوون

لە یەکەم ماددە کە باس لەیەکسان بوون لە مافدا دەکات، لەسایەی ئەو حوکمڕانییە عەسکەرتاریەتەدا دەیان مافی سەرەتاییمان لێ زەوتکرا، لەوانە: مافی ئازادی بیرو ڕا، مافی گردبوونەوەی مەدەنی بگرە تا جیاکاری بیری سیاسی و قەدەغەی بینینی پارێزەرەکانمان و جۆرەها شێوە توندوتیژی بەرامبەرمانکرا، وەک ئەشکەنجە و هەڕەشە و سەرتاشین و ژووری تاکەکەسی، و بڕیاری تاوانبارکردنی پێشوەختەی ئێمە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، و بێ بەشکردنمان لەچەندین مافی سەرەتایی و پێشێلکاریی دژمان .

نیگەرانی ڕای گشتی ھەرێم و میدیا و لایەنەکان و گەواهی ڕاپۆرتەکانی هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و CPT و هیومان ڕایتس وۆچ و CPJ و پەیامنێرانی بێ سنور و کۆلف سەنتەر چەندین ناوەند و ڕێکخراو و کونسوڵخانەکانی وڵاتان و لایەنی ناوخۆو دەرەوەیی، بەرچاوترین بەڵگەی بێ تاوانی ئێمە و زۆرداری دەزگاکانی ئیدارەی هەولێرن .

ئەمەو لەکاتێکدا حکایەتی یاسا سەروەری شا دروشمی بڕیار بەدەستانی ئەم هەرێمە و سەرۆکی حکومەتەکەیەتی، … ئێمە گرەو دەکەین کە ئەگەر یاسا کەمێک ڕێز و سەروەری هەبوایە، دەبوایە هەزارەها فیگوری حزبی و حکومی خرابانە زیندان و حوکمی سێدارەیان بۆ بڕابوایەوە بەرامبەر ئەو کارە تیرۆر و نۆکەرایەتی نێودەوڵەتی و جاشایەتی بێگانە و زلە سیخوڕی هەرێمی و تاڵانکردنی سەروەتی میللەت و نسکۆ و شکستە مێژوویەکانیان .

هەر بەپێی کۆمەڵێک یاسا کە خۆیان ئیمزایان بۆ کردووە، تاوانبار دەردەچن و تەنانەت دەزگا بەناو ئەمنییەکانیشیان تێوە دەگلێن دەبێ بەبیانوی تێکدان و تیرۆر قەدەغە بکرێن ! بەڵام ئەمە لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی دادوەری لەپاشکۆیەتی حزبی و حکومی خۆی ڕزگار بکات.

وەلێ چاک دەزانین کە دادگا و یاسا لەم مەملەکەتدا میزاجی نوخبەیەکی خۆسەپێن بووە کە دەسەڵاتیان بە وەرەسە بۆ ماوەتەوە و پێوەری بەرژەوەندی بنەماڵەیی و بەرەبابی فیوداڵی وابەستەی مەگاتیەت (ڕاکشان و داکشانی) یاسا و دادگاوە.

ڕێگاکانی (گۆڕینی ئیفادە، هەڕەشەی خێزانی، ئەشکەنجەدان، ڤیدیۆکردنی ناچاری، هتد..) بەپێی چ بەندێکی یاسایی سەروەری تیادایە؟!

بەپێی کامە دەستور نوێنەرایەنی جەنابی سەرۆکی حکومەت (کەنوێنەری دەزگایەکی ئەمنی حزبێکی دیاریکراون) لەهەمان کاتدا پێنج ڕۆڵ دژبە ئێمە بگرنە بەر لەوانە

١ـ هەڵکوتانەسەر ماڵەکانمان و لەناو خێزانەکانمان قۆڵبەستمان بکەن و بەرەو شوێنی نادیار بمانبەن؟!

٢ـ هەر خۆیان تیمی لێکۆڵینەوە و دادوەری سەرەتایبن بەبێ ڕێگەپێدانی پارێزەرەکانمان.

٣ـ هەر خۆیان ڕۆڵی جەللاد بگێڕن و هەڕەشەو ئەشکەنجەمان بدەن .

٤ـ هەر خۆیان خاوەن زیندان بن و کلیلی زیندانیان بەدەست بێت .

٥ـ هەر خۆیان لایەنی سکاڵاکار بن و لایەنی دژبن لەدادگا .

بەدەر لەوەی کۆی پرۆسەی مامەڵەی دەزگاکانی سەر بە سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ئێمە سیاسی ڕووت بوو، پەیوەندی بە فۆبیای ناوبراوەوە هەبوو بەرامبەر بە ڕانەهاتن و هەزمنەکردنی خەباتی مەدەنی چالاکوانان و ڕووە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەو نوخبەیەی کە وەک خۆی بیرناکەنەوە و بەپێی دڵخوازی ئەو سیستەمە بەرەبابییە حوکمڕانە کە ئەستەمە قبوڵی بکات لەسەرتاسەری بادینان لە ماوەی سێ مانگی ٢٠٢٠دا شەش خۆپیشاندان و گردبونەوە ڕووبدەن …

لێکۆڵینەوەی میدیایی لەبارەی تیرۆری سیاسی و زیندانی نایاسایی و مونوپولی داهاتی میللەت لەڕێگای چەند گروپ و کۆمپانیایەکی بەرەبابەکان و مژینی داهاتی گشتی وڵات بەناوی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان جەوهەری ئەو فۆبیایەی جەنابی سەرۆکی حکومەت کە لە دونیای پلورالیزم و هەمەجۆری تێنەگەیشتووە .

تەنانەت نوقمی سیاسی کۆمەڵێک گەنج و هۆنینەوەی خەونەکانیان و پارادایمیکی سیاسی و تەرزە حوکمڕانییەکی تازە، بەتاوانی تێکدانی باری ئەمنی نەتەوەیی هەژمارکراوە !

لەجیاتی ئەوەی هەزمی جیاوازی بکرێت و پەرە بە دیموکراسی و ڕەخنە و میدیای ئازاد و ڕێز لە پلورالیزم بگیرێت داتاشینی تۆمەت و درووستکردنی کۆمەڵێک سیناریۆ بۆ کۆمەڵێک گەنجی وڵاتپارێز، فۆڕمی ئەم کابینەیەیە و ئەزمونی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقاری دیکتاتۆری و مانشێتێک لە پێشێلکاری و مەملەکەتێک لەستەم بردووە .

ئەم فۆڕمە هیچ نەبێ، هەڵگری دەلالەتی کورتبینی و شکاندنی شکۆی دادوەری و خنکاندنی گەشەی دیموکراسی و ناشیرینکردنی ئەزمونی حوکمڕان و لێڕانەهاتنە لەگەڵ سونەتی ژیان و جیاوازی مەترسی دەرهاویشتەکانی ئەم زهنیەتە و زمانی زاڵگەرایی تەنها لەوستەمەی لە ئێمەکراوە وێنا ناکرێت بەڵکو گیانبەخشینی رۆحی سەدان گەنجی نیشتمانە لەڕێگەی گەیشتن بەهەندەران ڕاکردن لەدەست ئەم توخمە ژیانەی کەئەم دەسەڵاتە ئۆلیگارشیە بەرهەمی هێناوە و کەڵەکەبوونی سەدان کێشەو قەیرانی ڕۆژانە، هەمووی ڕەنگدانەوەی ئەم تەرزە شکستخواردووەی حوکمڕانەیە.

کێشەی ئێمە لەوێ کۆتایی دێت کە ئەم سیستەمە حوکمڕانییە کە بەزهنیەتی خێڵگەریی و بەرەبابی رەدبکەین کە بەدرێژایی 76 ساڵە توشی ئەم میللەتە بووە و ڕێگرە لەبەردەم ژیانێکی شایستە و دەستاودەستی دەسەڵاتەکان بکەین .

باهەموو لایەنێک و ڕای گشتی دڵنیابێت کە ئەو سزاو زیندانیکردنەی ئێمە ئەوان ناگەیەنێت بەهیچ و ئیرادەمان ناشکێنێ، چونکە سەربە دوو دونیا بینین و زهنیەتی جیاوازین .

چالاکوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەکانی بادینان.

15ی شوباتی 2022

بابەتی پێشتر

فازیڵ نەبی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە: ڕۆژێكی ڕەشە بۆ هەرێم بەڵام ‏كۆتایی ‏دونیا نییە

بابەتی دواتر

پوتین دوای گەڕاندنەوەی بەشێك لە سوپا: جەنگمان ناوێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەشناسیی هەرێم: گەرما دەگەڕێتەوە

كەشناسیی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ و سبەی پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان…
زیاتر ببینە

دەسەڵاتەكانی خراپ بەكارهێناوە.. بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ڕزگاری ‏دەستبەسەركرا

بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ڕزگاری لە ‏گەرمیان دەستگیرکرا، دۆسیەكەی پەیوەندیی بە دروستكردنی مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەكەوە…
Total
0
Share