دەسەڵاتەكانی خراپ بەكارهێناوە.. بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ڕزگاری ‏دەستبەسەركرا

مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی ڕزگاری

بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ڕزگاری لە ‏گەرمیان دەستگیرکرا، دۆسیەكەی پەیوەندیی بە دروستكردنی مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەكەوە ‏هەیە.‏

لەناو ناحیەی ڕزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، زیاتر لە 30 هەزار سەر ئاژەڵ هەن، ‏زۆربەیان لەو مەیدانی ئاژەڵانە مامەڵەیان پێوەدەكرێت، كە چەند ساڵێكە دروستكراوە، ‏بەڵام بەهۆی بوونی گەندەڵی لە دروستكردنەكەیدا و “نادادپەروەری لە دابەشکردنی ‏مەیدانی ئاژەڵاندا”، دوێنێ بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ڕزگاری دەستگیرکراوە.‏

دۆسیەی مەیدانەكەی ئاژەڵانی ناحیەكە نوێ نییە و چەند جارێك لێكۆڵینەوەی لەبارەوە ‏كراوە، دوێنێ لەسەر دۆسیەكە، لەلایەن دادگای دەستپاکیی گەرمیانەوە سەرۆکی پێشووی ‏شارەوانیی ناحیەکە دەستبەسەركرا.‏

بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ‏ڕاگەیاند، “لەناو مەیدانە دروستکراوەکەدا خەڵک هەیە فەرمانبەرە، یان مووچەخۆرە، ‏بەڵام شوێنی پێدراوە، لەکاتێکدا خەڵکی دیکە هەن کە ئاژەڵدارن و شوێنیان لە مەیدانەکەدا ‏نییە”.‏

بەهۆی نەبوونی شوێنەوە، بەشێک لە ئاژەڵداران بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان بردووەتە ناو ‏ناحیەی ڕزگاری، ئەوەش کاردانەوە و نیگەرانیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.‏

دوێنێ دادگای دەستپاکیی گەرمیان، ئاراس محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانییەکانی ‏ناحیەی ڕزگاری ڕاگرت، وەک کاردانەوەیەک لەسەر نادادپەروەری لە دابەشکردنی ‏مەیدانەکەدا.‏

بەرپرسەكەی پێشووی ناحیەكە بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عێراقی ‏دەستگیركراوە، كە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە پارە و موڵكی دەوڵەت.‏

لە مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی ڕزگاری ڕۆژانە 30 هەزار ئاژەڵ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ‏پێوەدەکرێت و بەشێک لە ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان هەر لەناو مەیدانەکەدا دەهێڵنەوە.‏

بابەتی پێشتر

ئەمشەو یارییە دواخراوەكەی ئیشبیلیە و بەرشلۆنە دەكرێت

بابەتی دواتر

مالكی سەرۆكایەتیی دەكات.. سبەینێ شاندێكی چێوەی هەماهەنگی دێتە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share