فازیڵ نەبی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە: ڕۆژێكی ڕەشە بۆ هەرێم بەڵام ‏كۆتایی ‏دونیا نییە

فازیڵ نەبی: ڕێگاچارەی جێگرەوە ئەوەیە لەگەڵ ‏حكومەتی بەغداد بكەوینە دانوستان

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ بە ڕۆژێكی ڕەش لە مێژووی هەرێمی ‏كوردستان ناودەبات، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، كۆتایی دونیا نییە و هەرێم دەتوانێت ڕێگای ‏جێگرەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند بگرێتەبەر، قسەكان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای ‏فیدراڵییەوەن تایبەت بە نەوتی هەرێم.‏

فازیڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ‏ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ ڕۆژێكی ڕەشە لە مێژووی هەرێمی كوردستان و بارودۆخێكی ناخۆش ‏و خراپ هاتووەتە پێش، ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی زۆر لایەنی دیكەی تیایە، ‏كاریگەریی زۆری لەسەر پڕۆژەی نەوت و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز لە ‏هەرێمی كوردستان دەبێت”.‏

وتیشی، “بڕیارەكە كاریگەریی سلبیی زۆری هەیە، چ لەسەر دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، ‏چ لەسەر ئەو گرێبەستانەی هەیە”.‏

بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی كە ئەمڕۆ دەرچوو، یاسای نەوت و گازی حكومەتی ‏هەرێمی بە نادەستووری ناوبرد، حكومەتی هەرێم پابەنددەكات بە ڕادەستكردنی تەواوی ‏بەرهەمی نەوت لە كێڵگەكان، دەسەڵاتی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمیش بە ‏حكومەتی ناوەند و وەزارەتی نەوتی عێراق دەدات.‏

لەسەر ئەو پرسە، فازیڵ نەبی وتی، “ئەوە كۆتایی دونیا نییە، هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ‏ڕێگای جێگرەوەی هەیە دەتوانێت لەگەڵ حكومەتی ناوەند بیگرێتەبەر”، ئەوەشی وت، ‏‏”ڕاستە بڕیارەكە دەرچووە، من ناڵێم دژی بڕیارەكە بووەستینەوە، چونكە ناتوانین لە ‏ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە دژی بین، بەڵام ڕێگاچارەی جێگرەوە هەیە كە ئێمە لەگەڵ ‏حكومەتی بەغداد بكەوینە دانوستان لەسەر پرسی بودجە، پرسی دانەوەی قەرزەكانی هەرێم ‏و لەسەر دانەوەی مافی كۆمپانیا نەوتییەكان و لەسەر زۆر شتی دیكە”.‏

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕێگەچارەیەكی پێشنیازكرد، بەوەی “با ‏بگەڕێینەوە بۆ یاسای بودجەی پێش 2017، با بتوانین لەوێ زیاتر دانوستان بكەین بۆ ‏ئەوەی بتوانین ئەو لێدانە گەورەیەی بەرمان كەوتووە، بتوانین ئیستیعابی بكەین و ‏لێنەگەڕێین كاریگەرییەكەی، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان ‏هەبێت”.‏

سەبارەت بەوەی جگە لە ڕووە یاسایی و ئابورییەكەی، ئایا هیچ پاڵنەرێكی سیاسی لەپشت ‏بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی هەیە، فازڵ نەبی بە “بەڵێ” وەڵامیدایەوە.‏

دادگای باڵا لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی ‏هەرێم، وەك ئەوەی ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویكردەوە.‏

ئەمەش دوای ئەوەی دادگاكە لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆ دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێكردنی ‏دۆسیەی (59 فیدراڵی) تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێم لە دەرەوەی ڕەزامەندیی ‏حكومەتی ناوەند دەستپێكرد تایبەت بەو دوو سكاڵایەی لە هەردوو ساڵی 2012 و 2019 ‏بە دادگاكە گەیشتووە.‏

بابەتی پێشتر

ڕانیه‌.. پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌كاتى چوونى بۆ ئاهه‌نگێك درایه‌ به‌ر چه‌قۆ و كوژرا

بابەتی دواتر

زیندانییانى بادینان له‌ زیندانه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ى ڕای گشتى ده‌كه‌ن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تۆمەتباری تەقینەوەکەی 5ی ئۆکتۆبەری کەرکوکی دەستگیرکرد

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری ورد، دەستگیرکردنی تۆمەتباری تەقینەوەی فرۆشگایەکی بازرگانی لە شاری کەرکوک راگەیاند. ئاژانسەکە…
Total
0
Share