بەیانی ئەمڕۆ خەڵکی قەڵادزێ جارێکی دیکە ڕووداوێکی هاوشێوەی “سلێمان هەڵشۆیی”یان بینی، کاتێک سەدان کەس لەبەردەم نوسینگەیەکی ئاڵۆگۆڕی دراو کۆببوونەوە و داوای پارەکانیان دەکردەوە.
زیاتر لە 300 کەس لەو ناوچەیە پارەیان لای کەسێک بەناوی “ڕەسول خاڵ عومەر” داناوە بەمەبەستی هەڵگرتن و بازرگانیکردن پێوەی، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کەسە مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند و لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، “پارەی کەس نافەوتێت”.
ڕەسول خاڵ عومەر، خاوەنی نوسینگەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە خاوەن پارەکانی ڕاگەیاندووە، “بەهۆی لەدەستدان و خواردنی پارەیەکی زۆرمان لای هەندێک کەس، بۆ ماوەیەکی کاتی ئیشوکارەکانمان ڕادەگرین”.
لە ڕوونکردنەوەکەدا خاوەنی نوسینگەکەکە دەڵێت، “ئەوانەی بەشێوەیەکی ئەمانەت پارەیان لامانە دڵنیادەکەینەوە بەهیچ شێوەیەک نیگەرانی لەدەستدانی ماڵەکانیان نەبن، تەنها مۆڵەتمان بدەن با تەماشایەکی موڵک و ماڵەکانمان بکەین و دەگەڕێینەوە و بە دڵنیاییەوە مافتان نافەوتێت”.
تۆڕی میدیایی ئێستا پەیوەندییکرد بە پۆلیسی ڕاپەڕینەوە سەبارەت بەو کێشەیە، لە وەڵامدا پۆلیس وتی “تا ئێستا کەس نەهاتووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و تا سکاڵاش نەبێت ناتوانین هیچ کەسێک دەستگیربکەین”.