لە سنووری ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ بە ڕووداوێکی گوماناوی بە فیشەک گیانیلەدەستدا، پۆلیسی هەولێریش زڕدایک و باوکی منداڵەکەی بە گومانی دەستهەبوون لە ڕووداوەکەدا دەستگیرکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر و کەسوکاری منداڵە تەمەن پێنج ساڵانەکە ڕووداوەکەیان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا پشتڕاستکردەوە.
بەپێی وتەی پۆلیسی هەولێر، ڕووداوەکە لە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە گوندی عەزەوقۆنیان (سەردار) لە سنووری ناحیەی شەمامک ڕوویداوە، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ بەشێوەیەکی گوماناوی بە چەکی دەمانچە گیانیلەدەستداوە.
منداڵەکە ناوی شەهیانە و لەگەڵ باوکی و زڕدایکیدا ژیاوە.
پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە زڕدایک و باوکی منداڵەکە دەستگیرکراون.
بەپێی گێڕانەوەی کەسوکاری منداڵەکە، زڕدایکەکەی کوشتوویەتی، بەشێکیش دەڵێن ئەو منداڵە خۆیکوشتووە و خۆکوژی بووە.
دراوسێکانی ئەو خێزانە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسیان لەوە کرد، “زڕدایکی شەهیان پێشتر مامەڵەی زۆر توند و خراپ بووە لەگەڵ شەهیان-دا”.