چێوەی هەماهەنگی دەڵێت، ڕێككەوتنێك لەنێوان موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكاندا كراوە بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و سەدر دەیەوێت 50 پەرلەمانتاری چێوە بباتە لای خۆی.
ئەمڕۆ هەینی عائید هیلالی سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی ئاشكرایكرد، “زانیارییە دزەپێكراوەكان دەڵێن ڕێككەوتنێك لەنێوان سەدر و سیستانی كراوە بۆ درێژەدان بە هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە”.
وتیشی، “هەڵوێستی مەرجەعییەت چییە لەبارەی ئەوەی ئێستا لە پرۆسەی سیاسیدا ڕوودەدات؟”.
هیلالی دەڵێت، “مەرجەعییەت پێشتر داوای هاوبەشی لە پێكهێنانی حكومەتدا دەكرد و بەپێویستی دەزانی هەمووان بەشداربن لە بڕیارداندا، بەڵام شیكاری و زانیاریی دزەپێكراو هەن بەوەی مەرجەعییەت ڕەوتی سەدر هاندەدات حكومەتی زۆرینە پێكبهێنێت”.
ڕاشیگەیاند، “فراكسیۆنی ئیشراقە سەر بە مەرجەعییەتە و ئێمە دەپرسین لەبارەی پێكهێنانی ئەو فراكسیۆنە و جیاكردنەوەی حەشدی شوێنە ئایینییەكان لە حەشدی شەعبی كە بۆچی ئەوانە دەكرێن”.
ئەو سەركردەیەی چێوەی هەماهەنگی، هەوڵێكی سەدری بۆ پەرتكردنی ڕیزەكانیان ئاشكراكرد و وتی، “تا ئێستا نەگەیشتووین بە هیچ ئەنجامێك، سەدریش هەوڵدەدات پشتیوانیی 50 پەرلەمانتاری چێوەی هەماهەنگی بەدەستبهێنێت تاوەكو گەورەترین فراكسیۆنی لەگەڵدا پێكبهێنن”.