ئەو کاریگەرییەی مرۆڤایەتی لەسەر ژینگە ھەیەتی، تا بێت گرنگتر و کاریگەرتر دەبێت. لەڕێی کار و چالاکییەکانمانەوە، سروشت تێکدەدەین و ژیانی نەوەکانی داھاتوو دەخەینە مەترسییەوە.
ئەو کاریگەرییەی مرۆڤایەتی لەسەر ژینگە ھەیەتی، تا بێت گرنگتر و کاریگەرتر دەبێت. لەڕێی کار و چالاکییەکانمانەوە، سروشت تێکدەدەین و ژیانی نەوەکانی داھاتوو دەخەینە مەترسییەوە.
لەم کاتەدا، ھیچ کەس ناتوانیت نکووڵی لەوە بکات کە ژینگەکەمان بە ئاڕاستەیەکی خراپدا دەگۆڕێت. سەدان لێکۆڵێنەوە و توێژینەوە ڕایدەگەیەنن ئەم گۆڕانکارییە ڕوودەدات و کاریگەری بەسەر ژیانمانەوە دەبێت.
بەھەرحاڵ، زۆربەی خەڵک ڕەنگە بێئاگا بن لەو مەسەلە تایبەتانەی کە دەبنە ھۆکاری ئەم گۆڕانکارییە. مەسەلەی “گۆڕانی کەشوھەوا” و “گونجانی جینی” لەناو خەڵکیدا بەربڵاون، بەڵام بەبێ ھیچ زانیارییەکی پێویست، زەحمەتە بزانین بۆچی ئەم شتانە جێی باسن و گرنگن.
زۆربەی زۆری ئەم مەسەلانە پەیوەستن بەیەکەوە، ئەمەش وایکردووە بابەتەکە ئاڵۆز ببێت. کلیلی کردنەوەی ئاڵۆزیی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ھەموو ئەم مەسەلانە تەحەددای گرنگن و پێویستە ڕووبەڕوویان ببینەوە.
لەم وتارەدا گەورەترین کێشە ژینگەییەکان شەنوکەو دەکەین کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ھەسارەکەمان دەبنەوە و لەوەش دەکۆڵینەوە بۆچی دەبێت بۆ ئێمە گرنگ بن.
١. گونجانی جینیی بەروبووم
کێشە ژینگەییەکانی کارکردی بەرھەمی کیمیایی مرۆڤکرد، تابێت ڕوونتر دەبنەوە. بۆ نموونە ٩٠%ی پەپوولەی شاھانە لە ئەمریکا لەناوچوون، ئەویش بەھۆی ماددەی لەناوبەری وید، کە ماددەی گلیفۆسفاتی تێدایە. ھەروەھا ھەندێک سەرەداو ھەن گوایە ئەو ڕووەکانەی لە ڕووی جینییەوە گونجێنراون بۆ بەرھەمھێنان، ڕەنگە لەڕێی ڕەگەکانیانەوە دزە بە ئاوێتەی کیمیایی بۆ ناو خاک بکەن، ئەگەریشی ھەیە کار بکەنە سەر زیندەوەرە وردەکان.
٢. بەرھەمھێنانی پاشەڕۆ
ھەر کەسێک تێکڕا لە ڕۆژێکدا ٢ کیلۆگرام پاشەڕۆ دروست دەکات، واتە بەتەنھا ئەمەریکا ٢٢٠ ملیۆن تۆن پاشەڕۆ بەرھەم دەھێنێت. زۆربەی ھەرەزۆری ئەم پاشەڕۆیانە لە زبڵگەکاندا کۆدەکرێنەوە، کە دەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانی ڕێژەیەکی زەبەلاح لە گازی میسان. گازی میسانیش نەک تەنھا مەترسیی تەقینەوە دروست دەکات، بەڵکو بە یەکێک لە خراپترین گازەکانی ماڵی شووشەیی دادەنرێت کە توانایەکی زۆری گەرمکردنی جیھانی ھەیە.
٣. گەشەسەندنی دانیشتووان
زۆربەی ئەو کێشانەی لەم وتارەدا ڕیزکراون، لێکەوتەی گەشەسەندنی بەرفراوانی دانیشتووانە، کە زەوی لەم سەدەیەی دواییدا پێیدا تێپەڕ بووە. ڕێژەی گەشەسەندنی جیھان بە ڕێژەی ١.١٣ % لە ساڵێکدا زیاد دەکات، کە ٨٠ ملیۆن کەسە لە ھەر ساڵێکدا.
ئەمەش دەبێتە ھۆی ھێنانەکایەی چەندین کێشە، لەوانە کەمیی ئاوی خواردنەوە، کەمبوونەوەی سەوزایی بۆ ئاژەڵی کێوی، زیادبەکارھێنانی سەرچاوەی سرووشتی و تەنانەت لەناوچوونی جۆرەکانی ئاژەڵ. کۆتا کێشەش، کە لەناوچوونی جۆرەکانی ئاژەڵە، خێرا بەرەوپێش دەڕوات، بەوپێیەی لە ھەر ساڵێکدا ھەسارەکە ٣٠ ھەزار جۆر لەدەست دەدات.
٤. پیسبوونی ئاو
ئاوی خواردنەوە گرنگە بۆ ژیان لەسەر زەوی، لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵبەساڵ سەرچاوەی زیاتری ئاوی بەھۆی چالاکیی مرۆڤەوە پیس دەبێت. لەسەر ئاستێکی جیھانیش، دوو ملیۆن تۆن پیسایی لە ھەر ڕۆژێکدا پاشەڕۆی کشتوکاڵی و پیشەسازی دەڕژێتە ناو ئاوەکانەوە. پیسبوونی ئاو دەکرێت کاریگەریی زیانمەندی ھەبێت لە دەرەوەی پیسبوونی ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە. پیسبوونی ئاو دەبێتە ھۆی تێکدانی ژیانی ئاویش، ھەندێکجار سووڕی وەچەخستنەوە و ھێلکەپیتاندن دەگۆڕێت و ئاستی مردنی بوونەوەرە ئاوییەکان بەرز دەبێتەوە.
٥. ڕاماڵینی دارستان
داواکاری لەسەر زۆربوونی ڕێژەی دانیشتووان بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕاماڵینی دارستان. پێشبینییەکانی ئێستا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ھەسارەکە لە ڕۆژێکدا ٣٢٤ کیلۆمەتر دووجای دارستانە باراناوییەکان لەدەست دەدات. ئەمەش دەبێتە ھۆی لەدەستدانی ماڵی چەندین جۆری ئاژەڵ، تووشکردنی چەندینی دیکە بە مەترسی و گەیاندنیان بە لەناوچوونی بەرفراوان. لەوەش زیاتر، ڕاماڵینی دارستان مەزەندە دەکرێت ببێتە ھۆی دەردانی ١٥%ی گازەکانی ماڵی شووشەیی لەسەر ئاستی جیھانی.
٦. پەلھاوێشتنی شارەکان
پەلھاویشتنی ناوچە شارنشینەکان بۆ ناو ناوچە گوندنشینە نەریتییەکان بێ کێشە نییە. پەلھاوێشتنی شارەکان پەیوەستکراوەتەوە بە کێشە ژینگەییەکانەوە، وەک زۆربوونی پیسبوونی ئاووھەوا، لەگەڵ دروستبوونی دوورگە گەرمەکان. وێنە سەتەلایتییەکانی ناسا ئەوەی پیشانداوە کە پەلھاوێشتنی شارەکان بەشداربووە لە پارچەپارچەکردنی دارستانەکان، کە عادەتەن لەدواییدا دەبنە ھۆی ڕاماڵینی زیاتری دارستانەکان.
٧. زێدەماسیگرتن
٦٣%ی کۆگای جیھانیی ماسی بە زێدەماسیگرتن مەزەندە دەکرێت. ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی زۆربەی بەلەمە ماسیگرەکان بەرەو ئاوە نوێکان سەربکێشن، کە تەنھا خزمەتی تەپانی کۆگای ماسیگرتن دەکات. زێدەماسیگرتن دەبێتە ھۆی دروستبوونی لاسەنگی ژیانی دەریاکان، کە بەتوندی کار دەکاتە سەر پرۆسەی ئیکۆسیستمی سرووشتی. لەمەش زیاتر، کاریگەریی نەرێنی ھەیە لەسەر کۆمەڵگە کەناراوییەکان کە پشت بە ماسیگرتن دەبەستێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئابوورییان.
٨. ترشەباران
ترشەباران وەک دەرەنجامی پیسبوونی ھەوا، لەڕێی بەرھەمە کیمیاییەکانەوە، کاتێک سوتەمەنی دەسووتێنرێت، دەردەرێتەوە ناو ژینگە. کاریگەرییەکەی ڕوونتر لە ئیکۆسیستمی ئاویدا دەردەکەوێت، کە تێیدا دەکرێت ترشی ئاو ببێتە ھۆی مردنی ئاژەڵان. بەھەمان شێوە کێشەی جۆراوجۆر بۆ درەخت دروست دەکات. ئەگەرچی ڕاستەوخۆ درەختەکان وشک ناکات، بەڵام ترشەباران لاوازیان دەکەن، ئەویش لەڕێی خراپکردنی گەڵاکان، ژەھراویکردنی درەختەکان و سنووردارکردنی ماددەخۆراکییە بەردەستەکان.
٩. تەنکبوونەوەی چینی ئۆزۆن
تەنکبوونەوەی ئۆزۆن بەھۆی دەردانی ماددەی کیمیایی، بەتایبەتی کلۆرین و برۆمید، بۆ ناو بەرگەھەوا دروست بووە. یەک ئەتۆمی ئەسیر توانای ئەوەی ھەیە ھەزاران مۆلیکوڵی ئۆزۆن لەناو ببات، پێش ئەوەی بەرگەکەڤر بەجێبھێڵێت. تەنکبوونەوەی چینی ئۆزۆن دەبێتە ھۆی گەیشتنی تیشکی سەرووبنەوشەیی بۆ سەر چینی زەوی. تیشکی سەرووبنەوشەیی پەیوەندی بە شێرپەنچەی پێست و چاوەوە ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریی دەکاتە سەر ژیانی ڕووەک و کەمبوونەوەی زیندەوەرە ھەڵواسراوەکانی ژینگەی ئاوی.
١٠. ترشبوونی ئاوی دەریاکان
ترشبوونی دەریاکان وەک زاراوەیەک بەکاردێت بۆ وەسفکردنی کەمبوونەوەی بەردەوامی ئاستی ترشیی ئاوی دەریاکانی زەوی، وەک دەرەنجامی دەردانی دوانۆکساید. مەزەندە دەکرێت ترشێتیی ئاوی زەریاکان بە ڕێژەی ١٥٠% تا ساڵی ٢١٠٠ بەرز دەبێتەوە، ئەگەر ھەوڵ بۆ کەمکردنەوەی نەدرێت. دەکرێت بەرزبوونەوەی ترشبوونی ئاوی دەریا کاریگەریی ترسناکی لەسەری ھەندێک جۆری کلسیی ئاژەڵ ھەبێت، وەک ماسی قاوغدار. ئەمەش دەبێتە ھۆی کێشەدروستکردن لەڕێی زنجیرەی خۆراکییەوە و ڕەنگە ببێتە ھۆی کەمبوونەوەی ژیانی ئاوی کە بەھۆی ترشبوونی ئاوەی دەریاوە دروست نابێت.
١١. پیسبوونی ھەوا
پیسبوونی ھەوا بووەتە کێشەیەکی مەترسیدار، بەتایبەتی لە شارە قەرەباڵغ و پڕدانیشتووانەکاندا. ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) ئەوەی بۆ دەرکەوت ٨٠% ی شارنشینەکان ھەوایەک ھەڵدەمژن کە شیاوی ھەڵمژین نییە. ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کێشە ژینگەییەکانی دیکەوە ھەیە، وەک ترشەباران و دەوڵەمەندبوونی ئاوەکان بە ماددەی خۆراکی. ئاژەڵ و مرۆڤەکانیش دەکرێت ببنە مەترسیی پەرەدان بە ھەندێک کێشەی تەندروستی، ئەویش بەھۆی پیسبوونی ھەواوە.
١٢. کەمبوونەوەی فرەچەشنیی زیندەوەران
چالاکیی بەردەوامی مرۆڤەکان و پەلھاوێشتنیان بۆ ناوچەی دیکە، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی فرەچەشنیی زیندەوەران. نەبوونی فرەچەشنیی زیندەوەران واتای ئەوە دەگەیەنێت نەوەکانی داھاتوو دەبێت مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکی دیکەدا بکەن، ئەویش کێشەی ھەستیاریی ڕووەکەکانە بە نەخۆشی و کەمیی سەرچاوەی ئاوی سازگار. ھەندێک توێژینەوەی دیکە بۆیان دەرکەوتووە دابەزینەیی ڕێژەی فرەچەشنیی زیندەوەرەکان، ھێندەی گۆڕان و پیسبوونی کەشوھەوا کار دەکاتە سەر ئیکۆسیستم، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە زیندەوەری زۆری تێدا لەناوچووە.
١٣. سووڕی نایترۆجین
بەھۆی چڕکردنەوەی سەرنجەکان لەسەر سووڕی کاربۆن، کاریگەریی بەکارھێنانی نایترۆجین پشتگوێ خراوە. وا مەزەندە دەکرێت کشتوکاڵ بەرپرس بێت لە جێگیرکردنی نیوەی نایترۆجین لەسەر زەوی، ئەویش لەڕێی بەکارھێنان و بەرھەمھێنانی پەینی دەستکرد. بەرزبوونەوەی ئاستی نایترۆجین لە ژینگەی ئاوی، بەھۆی زۆربوونی گەشەسەندنی ڕووەک و قەوزەوە، دەکرێت کێشەی گەورە لەو ژینگەیە دروست بکات. ئەنجامی ئەمەش دەبێتە ھۆی ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی تیشکی ڕووناکی بۆ نێو قووڵاییە ئاوییەکان و زیندەوەرە ئاوییەکانی دیکە لەناو دەبات.
١٤. بەکارھێنانی سەرچاوە سرووشتییەکان
توێژینەوەکانی ئەم دواییانە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە مرۆڤایەتی ھێندە سەرچاوەی سرووشتی بەکاردەھێنن، کە بەنزیکەیی پێویستمان بە زەوی و نیوێکی دیکە ھەیە بۆ ئەوەی پێویستییەکانمان پڕ بکاتەوە. ئەمەش ھەر لە زیادبووندا دەبێت ئەگەر پیشەسازی لە وڵاتانی وەک چین و ھیندستان بەردەوام بێت. زۆربوونی سەرچاوەکان وابەستەیە بە ژمارەی کێشە ژینگەییەکانەوە، وەک پیسبوونی ھەوا و گەشەسەندنی دانیشتووان. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، کەمبوونەوەی ئەم سەرچاوانە سەر دەکێشن بۆ قەیرانی وزە، سەرەڕای ئەوەی ئەو ماددە کیمیاییانەی سەرچاوە سرووشتییەکان دەریان دەدەن ئەوەندە بەھێزن کار دەکەنە سەر گۆڕانی کەشوھەوا.
١٥. گواستنەوە
دانیشتووانێکی بەردەوام گەشەسەندوو پێویستی بە ھۆیەکانی گواستنەوە ھەیە، زۆرینەی ئەم ھۆیانەش سووتەمەنییەکەیان سەرچاوەی سرووشتییە، وەک پترۆڵ و ھتد، کە گازی ماڵی شووشەیی دەردەدەن. لە ساڵی ٢٠١٤دا، ھۆیەکانی گواستنەوە وەک دەردەری ٢٦%ی گازی ماڵی شووشەیی ئەژمار کراون. لەگەڵ ئەوەی ھۆیەکانی گواستنەوە دەبنە ھۆی لەناوبردن و وێرانکردنی دەشتودەرەکان و پیسترکردنی ھەوا.
١٦. کڵاوە سەھۆڵییە جەمسەرییەکان
کێشەی توانەوەی کڵاوە سەھۆڵییەکان کێشەیەکی بەردەوامە. ئەگەرچی توێژینەوەکانی ناسا دەریانخستووە ڕێژەی سەھۆڵی جەمسەری باشوور لە زۆربووندایە، بەڵام ئەم ڕێژە زۆرە تەنھا یەک لەسەر سێی ئەوەیە کە لە جەمسەری باکوور لەدەست چووە. بەڵگەی بەھێز ھەیە لەسەر ئەوەی توانەوەی کڵاوە سەھۆڵییەکانی جەمسەری باکوور ھۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی دەریایە. بە تێپەڕبوونی کاتیش، ئەگەری ھەیە لافاوی بەرفراوان دروست بکات، ئاوی خواردنەوە ژەھراوی بکات و ئیکۆسیستمیش بگۆڕێت.
١٧. گۆڕانی کەشوھەوا
زۆرینەی ھەرە زۆری ئەو کێشانەی لە سەرەوە ڕیزکران، پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوھەواوە ھەیە. ئامارێکی ناسا ئەوە دەخاتە ڕوو پلەی گەرمیی جیھانی بە ڕێژەی ١.٧ پلەی فەھرەنات لە ساڵی ١٨٨٠ـەوە بەرز بووەتەوە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەمبوونەوەی سەھۆڵی جەمسەری باکوور، بە ڕێژەی ١٣.٣ لە دەیەیەکدا، ھەیە. کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا بەربڵاوە، بەوپێیەی کێشە بۆ دارستانەکان، سەرچاوە ئاوییەکان، زەریا و ئیکۆسیستمەکان دروست دەکات. ھەر یەک لەم کێشە فراوانانەش، وا لە گۆڕانی کەشوھەوا دەکەن گرنگترین و سەرەکیرین کێشە ژینگەیی بێت، کە ئەمڕۆ ھەسارەکەمان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.