هاكا.. ئه‌و سه‌مایه‌ی له‌ پرسه‌ و ئاهه‌نگ و زۆر بۆنه‌ی دیكه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت

سه‌مای هاكا سەمایەكی نیوزلەندیی ڕەسەنە، مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ خێڵی ماوری، لە ئاهەنگەكانی هاوسەرگیری و بەخاكسپاردن و ڕوبەڕوبوونەوە جەنگی و وەرزشییەكان ئەنجام دەدرێت، بەتایبەت بەزۆری تیمی ڕێكبی All Blacksی نیوزلەندی ئەو سەمایە ئەنجام دەدەن.

بە ڕۆشنبیریی ماورین ناودەبرێت و سەمایەكە بۆ ئاهەنگ و ڕكابەریكردن ئەنجام دەدرێت، بەوەش جیا دەكرێتەوە لە سەماكانی دیكە كە بە گروپ و بە شێوازێكی سەیر ئەنجام دەدرێت، كە سەماكەرەكان بە ناولەپەكانیان دەكێشن بە لاڕان و سەر سنگیاندا، زمان دەردەكەن و بە ئاوازێكی سەیر و به‌جۆشه‌وه‌ وشەكان دەڵێنەوە.

هەرچەندە سەمای هاكا دەگەڕێتەوە بۆ جەنگاوەرە بەڕەگەز نێرەكان، بەڵام ژنان و پیاوان ئەو سەمایە دەكەن.

سەمای هاكا، بۆ پێشوازی لە میوانی تایبەت یان داننان بە سەركەوتنەكانی بەرامبەر و زۆر بۆنە و ئاهەنگی دیكە ئەنجام دەدرێت.

ئەو سەمایە زیاتر لەڕێی تیمێكی نیوزلەندی بۆ یاری ڕێكبی ناسرا، كە لەساڵی 1888 بۆ 1889 تیمی یەكێتیی رێكبی نیوزلەندی “ئۆڵ بلاك” هەستا بە ئەنجامدانی و لە ساڵی 1905یشە بە بەردەوامی وەك ڕۆشنبیرییەكی وەرزشی ئەنجام دەدرێت.

مێژووی سەمای هاكا
دەیان چیرۆكی ئەفسانەیی لەبارەی هاكاوە نوسراون و ڕاوبۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەو سەمایەوە هەن.

هەرچەندە دەوترێت هاكا سەمایەكی تەواو جەنگییە، بەڵام ئەو بۆچوونە ڕەتدەكرێتەوە و هەندێك لە مێژوونوسانی نیوزلەندا باس لەوە دەكەن كە سەماكە لەلایەن ئەفسانەكانی ماورییەوە وەك سەمای ئاهەنگی ژیان ئەنجامدراوە.

بەڵام چەند سەرچاوەیەكی دیكە باس لەوە دەكەن “ئەو سەمایە ماورییەكان لە گۆڕەپانی جەنگدا ئەنجامیان داوە، یان لە كۆبوونەوەی گروپێك بە ئاشتی”.

ئەوەش خراوەتەوەڕوو، هاكا ڕەنگە لای خێڵی ماوری تەنها وەك چەمكێكی گشتی بۆ سەما بەكارهاتبێت، كە بە سەرجەم جۆرەكانی سەمایان وتووە هاكا، لە ئینسكلۆپیدیای نیوزەلەنداش سەمای هاكا دابەشكراوە بەسەر پێنج جۆر سەمادا.

بەڵام لە سەرجەم جۆرەكانی سەماكەرەكان لەخۆیان دەدەن و پێكانیان بەهێز دەكوتنە زەویدا و هەڵدەبەزنەوە و هاوار دەكەن و بەشێوازێكی گرژ و مۆن تەماشای كەسانی چواردەورییان دەكەن و زمانیان دەردەكەن.


“ئێمە بە ڕەسەن ماورین و لاشەمان بەتەواوی تەعبیر لە خۆمان دەكات”
كاتیا دانیلا، خاوەنی كۆمپانیای مانایا بۆ هونەری شانۆیی لەبارەی هاكاوە دەڵێت، “لەڕێی بەكارهێنانی چاوەكان یان دەستەكان و قاچەكانەوە بێت یان لەڕێی دەنگ و زمانەوە، ئەوا هەموو لاشەمان فێرە بە قسەكردن، كاتێك هاكا ئەنجام دەدەم هەستەكەم زیندووم و پەیوەندی لەگەڵ پێشینانم ئەنجام دەدەم، لەڕێی هاكاوە دەتوانم تەعبیر لە خۆم بكەم”.

ئەو شانۆكارە ئاماژە بەوەشدەكات، “لەكاتی ئاهەنگگێڕان یان ناخۆشیدا ئەو سەمایە دەكەم، تەنانەت بۆ پشتیوانی و ناڕەزایی دەربڕینیش ئەنجامی دەدەین”.

لەگەڵ ئەو وشانەی كە بە دەنگی بەرز و هاوار دەیڵێنەوە، چەند جۆرێك لە هەوار ئەنجام دەدەن كە وەك سەمفۆنیایەك تەماشای دەكرێت، كە تەماشای ئەو كەسانە دەكەیت سەماكە ئەنجام دەدەن هەستەكەیت ژمارەیەك لە جەنگاوەری بەهێز دەبینیت.

لە ڕوداوەكەی پار ساڵی نێو دوو مزگەوتەكەی نیوزلەندا كە ژماریەكی زۆر لە پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام لەلایەن چەكدارێكەوە كوژران و وەك ڕوداوێكی “قێزەون و دڕندانە” ناوبرا، چەندین گروپ لە خوێندكاران و چینە جیاوازەكانی نیوزلەندا وەك هاوسۆزییەك بۆ موسوڵمانانی وڵاتەكەیان ئەو سەمایەیان ئەنجامدا.

لەم سەردەمە نوێیەدا، چەندین جۆر لەو سەمایە داهێنراوە بۆ ئەوی ژنان و تەنانەت منداڵانیش ئەنجامی بدەن.

بابەتی پێشتر

گازی سروشتی.. 'ئایندەی ئابوریی هەرێم'

بابەتی دواتر

بابەشێخی نوێی ئێزدییان دیاریكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share