چالاكوانێكی ئێرانی و بێژەرێكی بەریتانی و ناتۆ كاندیدانی نۆبڵی ئاشتین

خەڵاتەكان دەدرێنە ئەو كەسانەی “بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداربوون لە خێروبێر بۆ مرۆڤایەتی”

ئاشكرابوونی ناوی كاندیدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵی ئاشتی دەستیپێكردووە، دیارترینیان چالاكوانێكی ئێرانی و بێژەرێكی بەریتانی و هاوپەیمانیی ناتۆ-یە.

هەزاران كەس، لە ئەندامانی پەرلەمانی سەر ئاستی جیهان، لەگەڵ براوەكانی پێشووی خەڵاتەكە، دەتوانن پێشنیار بۆ كاندیكردن بكەن.

لیژنەی نۆبڵی نەرویجی كە براوەكان لەنێو كاندیداندا هەڵدەبژێرێت هیچكات ناوی كاندیدان و ئەو لایەنانەی كاندیدیان كردوون ئاشكراناكات و بەدرێژایی 50 ساڵ ئەو پرسەیان بە نهێنی هێشتوووەتەوە.

بەڵام هەندێك لەوانەی كاندیدان هەڵدەبژێرن، وەك دادوەرانی نەرویجی، بژاردەكانی خۆیان ئاشكرادەكەن. لەكاتێكدا ئەو كەسانەی ئەوان كاندیدیان دەكەن لە ساڵی 2014ەوە دەبنە براوەی خەڵاتەكە، جگە لە ساڵی 2019.

دیڤید ئەتینبارا (95 ساڵ) بێژەری تەلەفزیۆنی بەریتانی بە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكانی ناوبانگی دەركرد كە تیایدا سروشت لە جیهاندا دەخاتەڕوو، لەوانەش زنجیرەی (ژیان لەسەر زەوی) و زنجیرەی (هەسارەی شین).

كاندیدكردنی بە هاوبەشی لەگەڵ (سەكۆی نێودەوڵەتی حكومی بۆ زانست و سیاسەت لە بواری جۆراوجۆی و خزمەتگوزاری سیستمی ئیكۆلۆجی) كراوە كە حاڵەتی جۆراوجۆری زیندەگی لە ناوچەكانی جیهان بۆ بڕیاردەرانی سیاسی هەڵدەسەنگێنێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنا مایەی گرنگیپێدانی جیهان بوو بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو، بۆیە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕاسپێردراو بە ئەركی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە، جارێكی دیكە ئەمساڵیش بۆ خەڵاتەكە كاندیدكراوە.

یەكێكی دیكە لە كاندیدان سڤیاتلانا تسیخانۆسكایا-یە كە بەرهەڵسكارێكی بیلاڕوسیایە و لە مەنفا دەژی، كاندیدكردنەكەی بۆ دووەم ساڵە لەسەر یەك بەهۆی “كارە ئازا ئاشتیخوازانەكانی” لەپێناو دیموكراسیەت و ئازادی لە وڵاتەكەیدا، وەك ئەوەی هاریك ئیلفینز، ئەندامی پەرلەمانی نەرویج دەیڵێت.

لەنێو كاندیدانی دیكە كە دادوەرانی نەرویجی ئاشكرایكردوون ئەلێكسی ناڤالنی، سیاسیی ڕوسیی بەندكراو، دادگای تاوانی نیودەوڵەتی لە لاهای، پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و مەسیح عەلی نەژاد، چالاكوانی مافەكانی مرۆڤی ئێرانی هەن.

ڕاگەیاندنی براوەی خەڵاتەكە بۆ ساڵی 2022 لە تشرینی دووەمی داهاتوو دەبێت.

هەر بەپێی ئاشكراكراوەكان گریتا تۆنبێرگ-ی چالاكوانی ژینگە، پاپا فڕەنسیس، حكومەتی یەكێتیی نیشتمانی لە میانمار و سایمۆن كۆفی وەزیری دەرەوەی تۆڤالۆ-ش كاندیدی خەڵاتەكەن.

ساڵی ڕابردوو دوو ڕۆژنامەنووسی ئەمریكی و ڕوسی، لەپای خەباتی ڕۆژنامەوانی و كاركردنیان بۆ ئازادیی ڕادەبڕین، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێبەخشرا.

ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە كچێكە بەناوی “ماریا ڕێسا”، بە ڕەچەڵەك خەڵكی فلیپینە، ڕۆژنامەنووسە ڕوسییەكەش ناوی “دیمیتری مۆراتۆڤ”ــەو و لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ ڕایگەیاند، “هەردووکیان شایەنی پێدانی نۆبڵی ئاشتی بوون لەپای کاری بێوچانیان لەبواری ئازادییەکاندا”.

دیمیتری مۆراتۆڤ سەرنووسەری ڕۆژنامەی “نوڤایا گازێت”ـە، كە لیژنەكەی خەڵاتی نۆبڵ بە تاكە ڕۆژنامەی ڕەخنەگر و سەربەخۆی ڕوسی ناویبرد، بەوە بەناوبانگە كە پرسەكانی تایبەت بە گەندەڵی و مافی مرۆڤ ڕووماڵ دەكات.

بابەتی پێشتر

كازمی: ئەوانەی هێرشیانكردەسەر فڕۆكەخانەی بەغداد دەگیرێن و كەس ناتوانێت بیانپارێزێت

بابەتی دواتر

تان و پۆی سیاسەتی نوێی یەكێتی.. ‏تێڕوانین و پێشبینییەكانی ڕێبەرێكی سیاسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share