ئەلیس.. یەكەم فڕۆكەی نەفەرهەڵگری كارەبایی بۆ فڕین ئامادەیە

هەندێك بەربەست لەبەردەم بڵاوبوونەوەی فڕۆكەی كارەباییدان

(ئەلیس) كە یەكەم فڕۆكەی نەفەرهەڵگری كارەباییە لە جیهاندا، ئامادەكاری دەكات بۆ یەكەم گەشتی ئاسمانی، وەك ئەوەی سایتی (سی ئێن ئێن بزنس) بڵاویكردووەتەوە.

فڕۆكەكە كە لەلایەن كۆمپانیای (ئیڤەیشن- Eviation)ی ئیسرائیلی پەرەیپێدراوە، هەفتەی ڕابردوو لە فڕۆكەخانەی (ئەرلینگتۆن)ی ناوخۆیی لە باكووری شاری سیاتڵ-ی ویلایەتی واشنتن-ی ئەمریكا بزوێنەرەكەی تاقیكرایەوە.

عەمیر باریوهای، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە ڕایگەیاند، ئەلیس تەنها چەند هەفتەیەكی ماوە بۆ گەشتی یەكەمی.

فڕۆكەكە پاترییەكی هاوشێوەی ئەوەی لە ئۆتۆمبێلی كارەباییدا یان لە مۆبایلی زیرەكدایە هەیە، لەمیانەی بارگاویكردنەوەی بۆ ماوەی 30 خولەك، ئەلیس كە شوێنی 9 سەرنشینی هەیە، دەتوانێت بۆ ماوەی كاتژمێرێك یان نزیكەی 800 كیلۆمەتر بفڕێت.

ئەوپەڕی خێرایی فڕۆكەكە 287 میل لە كاتژمێرێك (460 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك)دایە.

كۆمپانیاكە، كە ئێستا هەوڵەكانی بۆ گەشتی ئاسمانیی كارەبایی چڕكردووەتەوە، هیواخوازە فڕۆكەیەكی كارەبایی كە بۆ 20 تا 40 سەرنشین بشێت، لە ماوەی حەوت تا 10 ساڵی داهاتوودا ببێتە ڕاستەقینە و بوونی هەبێت.

فڕۆكەكە چەندین تاقیكردنەوەی لەسەر كراوە، بە خێرایی جۆراوجۆر لە گۆڕەپانی فڕۆكە دابەزێندراوە بۆ تاقیكردنەوەی توانا و ڕێگەدان بە تیمی زەمینی لە چاودێریكردنی سیستمەكانی وەك ئاراستەكردن و ڕێگری لە خزان.

كۆمپانیاكە دەڵێت، بە بەكارهێنانی فڕۆكەی كارەبایی، تێچووی چاككردنەوە و كارپێكردنی فڕۆكەی بازرگانی بەڕێژەی تا 70% كەمدەبێتەوە.

سی ئێن ئێن دەڵێت، هەندێك بەربەست لەبەردەم بڵاوبوونەوەی فڕۆكەی كارەباییدان، لەوانە كێشی زۆری پاتری و نەبوونی یاسای ڕێكخەری كاركردنی. لە ڕووی ڕێكخستنیشەوە، كارگێڕیی فڕۆكەوانیی فیدراڵیی ئەمریكی تائێستا “ڕێنمایی ڕوون یان چێوەی ڕێكخستنی” بۆ فڕۆكەی كارەبایی پێشكەش نەكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كێبڕكێی فڕۆكەی كارەبایی تائێستا “لاوازە” لەبەردەم فڕۆكەی نەفەرهەڵگری گەورەدا، كە دەتوانێت مەودایەكی درێژ ببڕێت.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

وێنە.. پلاسخارت لە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق بوو

بابەتی دواتر

لە عێراق یەکڕیزی و لە کوردستان لێکترازان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share