ژمارەیەك پەنابەری سوری بەمەبەستی گەیاندنیان بە بەغداد 200 تا 300 دۆلار بە قاچاخچییەك دەدەن، بەڵام لەنزیك بازگەی خورماتوو جێیان دەهێڵێت و پارەكەیان دەبات.
پەیامنێرمان لە كەركوك پێی ڕاگەیاندنین، نزیكەی 40 كەسی بە ڕەگەز سوری كە نیشتەجێی كوردستان بوون و بەنیازی كاركردن ویستوویانە بچنە بەغداد، لەگەڵ كەسێك ڕێككەوتوون كە لەبەرامبەر 200 بۆ 300 دۆلار بۆ هەر یەكێكیان بیانگەیەنێتە ئەو شارە.
وتیشی، “بەڵام قاچاخچییەكە ئەو كەسانەی لە نزیك بازگەی خورماتوو- سلێمان بەگ جێهێشتووە و هەڵهاتووە”.
كاركردنی كەسانی بیانی لە شارەكانی عێراق قەدەغەیە، بۆیە ئەو ئاوارانە ویستوویانە بەو ڕێگایە خۆیان بگەیەننە بەغداد، وەك ئەوەی پەیامنێرمان ئاماژەی پێدا.
سەرچاوەیەكیش لە پۆلیسی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئاوارە سورییەكان پیاو، ژن و منداڵیان تیایە.
وتیشی، “ئێستا ئەوان لای هێزەكانی پۆلیسی خورماتوو ماونەتەوە و ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو بەغدادیان پێنادرێت و، چارەنووسیشیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە”.