وەزیری تەندروستی: %70ی نەخۆشانی کۆرۆنا تووشبووی ئۆمیکرۆنن

ماوەی مانگێکە یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام ئێستا وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاشکرایدەکات %70ی نەخۆشانی کۆرۆنا توشبووی ئۆمیکرۆنن.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە، “بارودۆخی کۆرۆنا لە ئاستی بەرزبوونەوەدایە بۆیە ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین لە وەرگرتنی ڤاکسین، چونکە زیاتر %70ی نەخۆشەکان تووشبووی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنن”.

لەبارەی دۆخی توشبووانی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە وەزیری تەندروستی ڕایگەیاندووە، “بەگشتی دۆخی تەندروستیی ئەوانەی تووشبووی ئۆمیکرۆنن باشە، بەڵام هاوڵاتییان دەبێت زیاتر بەدەم خۆڤاکسینکردنەوە بچن”.

سامان بەرزنجی ڕاشیگەیاندووە، “بەردەوامین لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ ھاوڵاتیانمان، ھاوکات بڕیارمانداوە منداڵانی سەرووی شەش ساڵیش دەتوانن ڤاکسین وەربگرێت، بۆیە ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین لە وەرگرتنی ڤاکسین”.

لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە بۆ دانانەوەی پرسە، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاندووە، ” لیژنەی باڵا لە دوا کۆبوونەوەی بڕیاریدا ئەمساڵ ڕێکخستنی پرسە بە شێوازێکی تەندروست بێت، لەبەر ئەوەی بەداخەوە پرسە چووبووە ناو ماڵ و ناو گەڕەک و کۆڵانەکان و لە ژوورە بچوکەکانی ناو ماڵەکان دوور لە چاوی ئێمە پرسە دادەنرا، بەڵام ئێستا وەزارەتی ئەوقاف ڕاسپێردرا لەلایەن لیژنەی باڵاوە کارو ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر”.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی توشبوون و مردنی بە کۆرۆنا ڕاگەیاند و هەزار و 463 تووشبوو تۆمارکراون و شەش کەسیش بەهۆکاری ڤایرۆسەکە مردوون.

بابەتی پێشتر

وێنە.. عێراقییەکان لەسەر شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشیار زێباری ڕەتدەکەنەوە

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی لەسەر سەرکەوتنەکەی حەسەکە پەیامێک ئاڕاستەی هەسەدە دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share