بۆچی لە 2016دا متمانە لە هۆشیار زێباری سەندرایەوە؟

هۆشیار زێباری، كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كاندیدكراوە بۆ بوون بە ‏سەرۆك كۆمار، لە بەغداد دۆسیەی گەندەڵیی لەسەرە و شەش ساڵ لەمەوبەر متمانەی ‏لێسەندراوەتەوە.‏

بۆ پۆستی ‏سەرۆك كۆمار، كە پشكی كورد و یەكێتییە و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای ‏عێراقی بۆ پۆستەكە كاندید كردووە، لەبەرامبەردا پارتی كاندیدێكی بۆ پۆستەكە ‏پێشكەشكرد، سەرەڕای بانگەشەی بەردەوام بۆ یەكڕیزیی هێزە كوردستانییەكان.

هۆشیار زێباری، كە دەكاتە خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، كراوەتە ‏كاندید بۆ بوونە سەرۆك كۆمار، لەكاتێكدا زێباری شەش ساڵ لەمەوبەر و كاتێك وەزیری ‏دارایی بووە، دۆسیەی گەندەڵیی لەسەر بووە و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەوكات متمانەی ‏لێسەندووەتەوە.‏

گەندەڵی دارایی هۆشیار زێباری
زێباری لە كابینەكەی حەیدەر عەبادی، وەزیری دارایی بوو، دوای تەنها دوو ساڵ لە ‏وەرگرتنی پۆستەكە، ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕۆژی 21ی ئەیلوولی 2016 متمانەی ‏لێسەندەوە، دوای ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی لەسەر كرایەوە و لە ئەنجومەنی نوێنەران ‏لێپرسینەوەی لێكرا.‏

یەكێك لەو دۆسێیانەی زێباری لەسەر تۆمەتباركرا بە گەندەڵی، خەرجكردنی یەك ملیۆن و ‌‏800 هەزار دۆلار بوو تەنها بۆ بلیتی گەشتی پاسەوانەكانی، كە لە هەولێر نیشتەجێ ‏بوون.‏

ئەمە جگە لەوەی بە نرخێكی زۆر (188 ملیۆن دیناری مانگانە) ماڵێكی بەكرێ گرتبوو، ‏هەروەها پارەیەكی زۆری بۆ كەرەستە و كەلوپەلەكانی ناوماڵەكەی خۆی لە بەغداد ‏تەرخاندەكرد، بەتایبەت بۆ مەلەوانگەی ناو ماڵەكەی، كە مانگانە سێ ملیۆن و 500 ‏هەزار دینار بۆ خاوێنكردنەوەی تەرخانكرابوو.‏

زێباری دوو ماڵیشی بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەكەی و خانمە سكرتێرەكەی بەكرێ گرتبوو ‏بە نرخێكی زۆر، (نزیكەی 100 ملیۆن دیناری ساڵانە)، لە كاتێكدا بەپێی ڕێنماییەكان ‏نابێت هیچ بەرپرسێكی حكومی ساڵانە لە 36 ملیۆن دینار زیاتری بۆ كرێ‌ خانوو بۆ ‏خەرجبكرێت.‏

عەبادی ئەوكات بڕیاریدابوو پاسەوانی وەزیرەكانی كابینەكەی بۆ تەنها هەشت ‏كەمبكاتەوە، بەڵام زێباری زیاتر لە 500 پاسەوانی هەبووە لە بەغداد و هەولێر، خەرجی ‏كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی سەدان ملیۆن دینار بوون، هەروەها مووچەی پاسەوانەكانی، لە ‏ساڵێكدا نزیكەی 20 ملیار دینار بووە، لەكاتێكدا دیارنییە تەواوی پاسەوانەكان بوونیان ‏هەبووە، یان وەهمی بوون.‏

هەر ئەوكات نەسریەی مانگانەی نووسینگەكەی نزیكەی 50 ملیۆن دینار بووە، لەكاتی ‏وەزیر بوونیدا مانگانە تەواوی پارەكە ڕاكێشراوە، بێ ئەوەی دیاربێت چۆن خەرجكراوە، ‏بەپێی میدیا عێراقییەكان.‏

هۆشیار زێباری ئەوكات لەبری ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات و بیسەلمێنێت گەندەڵیی ‏نەكردووە، بەرپرسانی دیكەی بە گەندەڵی تۆمەتبار كرد، بێ ئەوەی ناوی كەس ئاشكرابكات.‏

ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دەستپاكیی ئەوكاتی ئەنجومەنەكە، دۆسیەكانی گەندەڵیی ‏هۆشیار زێباری-یان نارد بۆ دەستەی دەستپاكی و تائێستا دۆسیەكان لە دەستەكەن، ‏بڕیاریش بوو بنێردرێن بۆ دادگا، بەڵام نەنێردراون.‏

ئەوكات كە هۆشیار زێباری لەسەر گەندەڵی متمانەی لێسەندرایەوە، ترس دروستبوو ‏كاریگەریی هەبێت لەسەر پەیوەندیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و وڵاتانی كۆمەكبەخش ‏لەگەڵ عێراق، بەوەی متمانەیان بە وڵاتەكە نەمێنێت لە پێدانی یارمەتی و كۆمەكە ‏داراییەكان.‏

دانانی بەعسی لە باڵیۆزخانەكانی عێراق
لە مانگی شوباتی 2018، دووبارە لیژنەی دەستپاكیی ئەنجومەنی نوێنەران دۆسیەی ‏هۆشیار زێباری هێنایەوە بەرباس، ئەوكات بەوە تۆمەتباركرا، كە كاتێك وەزیری دەرەوە ‏بووە لە كابینەكەی نوری مالكیدا، خەڵكانێكی بەعسیی لە باڵیۆزخانەكانی عێراق لە وڵاتان ‏داناوە.‏

جگە لەوە، لیژنەی دەستپاكی لە نووسراوێكیدا، هۆشیار زێباری بەوە تۆمەتباركرد، كە ‏هاوسەرگیریی لەگەڵ كەسێك كردووە بەناوی “هناء عبدالستار الدليمي”، دوای ئەوەی ‏خولێكی وەزارەتی دەرەوەی تەواوكردووە، ڕاستەوخۆ براوەتە یەكێك لە باڵیۆزخانەكانی ‏عێراق لە ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی زێباری چوار خوشكی خۆشی لە باڵیۆزخانەكانی ‏عێراق لە ئەوروپا دامەزراندووە.‏

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، باوكی “هناء”ی هاوژینی زێباری، لە دوای پرۆسەی ئازادیی ‏عێراق لە ساڵی 2003، ناوی لە لیستی ئەو 200 كەسەدا بوو كە لەلایەن ئەمریكا و پۆڵ ‏بریمەر حاكمی مەدەنیی ئەوكاتی عێراقەوە داواكراو بوون.‏

بابەتی پێشتر

دواى بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی چی لە عێراق دەگوزەرێت؟

بابەتی دواتر

گۆڕان: پەرتەوازەیی لە بەغداد کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی ھەرێم دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share